سەڵاحەدین دەمیرتاش بۆ ئەردۆغان: تاوەكو ئێستا كەس بڕوانامەكەی تۆی نەبینیووە

سەڵاحەدین دەمیرتاش، كاندیدی هەدەپە بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری توركیا وەڵامی رەجەب تەیب ئەردۆغان دەداتەوە و رایگەیاند، "سەرەتا بۆ خۆپاڵاوتن بۆ سەرۆكایەتی كۆمار، دەبێت بڕوانامەی خوێندنت هەبێت و ئەوەش بخەیتەڕوو، بەڵام تاوەكو ئێستا كەس بڕوانامەكەی تۆی نەبینیووە".

ئەو لێدوانەی دەمیرتاش دوای ئەوەهات رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاندبوو، "دەبێت هەلومەرجی پاڵێورابوون بۆ سەرۆكایەتیی كۆمار هەبێت، دەبێت ئەو هەڵەیە "كە دەمیرتاش كراوەتە پاڵێوراو" راست بكرێتەوە".

لەوەڵامی ئەو لێدوانەدا دەمیرتاش لە رێگەی تویتەرەوە وەڵامی ئەردۆغانی دایەوە و وتی "ئەردۆغان سەیر بكە ئەمجارە لەگەڵتام، دەبێت سەرەتا تۆ بۆ خۆپاڵاوتنت بۆ سەرۆكایەتیی كۆمار، بڕوانامەی خوێندنت هەبێت و ئەوەش بخەیتەڕوو، بەڵام تاوەكو ئێستا كەس بڕوانامەكەی تۆی نەبینیوە".

سەڵاحەدین دەمیرتاش هەروەها نوسیوویەتی، "من هەموو فاكتەرەكانی بۆ پاڵێوراوبوونی سەرۆكایەتی كۆمارم هەیە، بەڵام بێگومان تۆ هەموو فاكتەرەكانت نییە".

سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)و كاندیدی ئێستای ئەو پارتە بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری توركیا لە رۆژی چواری تشرینی دووەمی ساڵی 2016دا بەتۆمەتی "تیرۆر" لەمیانی لێكۆڵینەوەیەكی ئۆفیسی داواكاری گشتی شاری ئەستەنبوڵ-ی توركیا دەستگیركرا، بەڵام دواتر "بەهۆكاری ئەمنی" كەیسەكەی ڕەوانەی دادگای ی19 تاوانە قورسەكان كرا لە ئەنقەرە.



PM:02:19:14/06/2018