وەزیری دەرەوەی تورکیا: لە هێرشکردنە سەر قەندیل نزیک بووینەتەوە

وەزیری دەرەوەی توركیا هەڕەشەی هێرشكردنە سەر قەندیل دەكات و رایگەیاند، سوپای وڵاتەكەی نزیك بووەتەوە لە قەندیل.

مەولود چاوشئۆغلو، وەزیری دەرەوەی توركیا ئەمڕۆ دوشەممە رایگەیاند، "سوپای توركیا لە بەردەوامی ئەو ئۆپەراسیۆنەی كە لەباكوری عێراق ئەنجامیدەدات لە قەندیل نزیكبووەتەوە".

ئاماژەی بەوەشكرد، "سوپای توركیا هەنگاو بەهەنگاو هێرش دەكاتە سەر قەندیل‌و كۆنتڕۆڵی دەكات".

ئەو لێدوانەی مەولود چاوشئۆغلو دوای ئەوە هات ئەمڕۆ موراد قەرەیلان، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی پەكەكە رایگەیاند، هەڕەشەكانی ئەردۆغان و توركیا بۆ سەر قەندیل وەك پڕوپاگەندە بۆ  هەڵبژاردن بەكاری دەهێنرێت، "ئەگەر ئەردۆغان راستدەكات ئەوا دێت بۆ قەندیل، هاتن بۆ قەندیل ئاسان نییە".

موراد قەرەیلان ئاماژەی بەوەشكرد، "دەوڵەتی توركیا قەندیلیان كردووە بە یەكەم ئامانجی خۆیان، دەوڵەتی تورك دەیەوێت بە پەلامارە داگیركارانەكانی پەكەكە لە باشووری كوردستان بكاتە دەرەوە و دوای ئەوە گوشار بخاتە سەر باشووری كوردستان و كەركوك لە باشوور داببڕێت".



PM:06:19:19/06/2018