شەڕڤانان نزیک بوونەوە لە سنوری عێراق

هێزەکانى سوریاى دیموکرات ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنی گەردەلولی جەزیرەدا دوێنێ شەو توانیویانە دوو کیلۆمەتر بەرەو خاکی عێراق پێشڕەوی بکەن.

بە پێی هەواڵێکی ماڵپەری فورات نیوز دوێنێ شەو، پاش شەڕێکی قورس، شەڕڤانانی هەسەدە توانیویانە گوندی زیبە لە نزیک شارۆچکەی دەشیشە کۆنترۆڵبکەنەوە، لە ئێستادا تەنها شەش کیلۆمەتر لە سنووری عێراقەوە دوورن.

لەوبارەیەوە ئۆرکەش چیا فەرماندەی سەربازی لە هێزەکانى سوریاى دیموکرات ڕایگەیاند، دەیان گوندیان کۆنترۆڵکردووەتەوە بەڵام بەهۆی مینی چێنراو لە ناوچەکەدا گوندنشینان ناتوانن بگەڕێنەوە و لە ئێستادا خەریکی پاکردنەوە ناوچەکەن.

ماوەی دوو هەفتەیە هێزەکانى سوریاى دیموکرات ئۆپراسیۆن دژ بە داعش لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی سوریا و هەردوو پارێزگای دێرەزوور و حەسەکە و ناوچەی بادیە ئەنجام دەدەن، لەو چوارچێوەیەشدا لە چەند رۆژی ڕابردوودا داعش گەورەترین ناوچەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەدەستدا ئەویش شارۆچکەی دەشیشەبوو لەگەڵ نزیکەی ٣٠ کیلۆمەتر چوارگۆشە لە دەوروبەری.



AM:10:58:22/06/2018