جەبار ئەمین گەیشتەوە سوید

جەبار ئەمین ئەو پەرلەمانتارە کوردەی سوید کە تورکیا ڕێگەی نەدا ببێتە چاودێر لە هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتە و بۆ ماوەیەک دەستبەسەریکرد کاتژمێر ١١ی شەوی ڕابردوو گەیشتەوە سوید.

گوستاف فریدۆلین سەرۆكی پارتی ژینگەی سوید ڕایگەیاند، ئەگەر ڕژێمە جیاجیاكانی جیهان خۆیان چاودێر هەڵبژێرن ئەوا كارەساتێكی گەورەیە بۆ دیموكراتی و پاكی و ئازادی هەڵبژاردنەكان. و وتیشی، ئەم كارەی توركیا قبوڵكراو نییە و وەزارەتی دەرەوەیان لە پەیوەندیدایە لەگەڵ نوێنەرانی ڕژێمی توركیادا.

جەبار ئەمین لەکاتی گەیشتنی بە فڕۆکەخانەی ئیستەنبوڵ لەلایەن لێپرسراوانی ئەمنی فڕۆکەخانەکەوە دەستبەسەرکراوە و پاسپۆرتەکەشیان لێسەندووە و پێیان وتووە لە سەرەوە ئەو فەرمانەیان پێکراوە.

هاوکات خێزانی جەبار ئەمین ڕایگەیاندووە، دەستبەسەرکردنەکەی لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی سویدەوە پشتڕاستکراوەتەوە و لەسەر ئەو بابەتە پەیوەندی کراوە بە حکومەتی تورکیاوە.

هاوکات وەزارەتی دەرەوەی سوید لەسەر دەستبەسەرکردنی پەرلەمانتارە کوردەکەی لەلایەن حکومەتی تورکیاوە هاتە دەنگ و ڕایگەیاند، داوایان لە تورکیا کردووە لەو بارەیەوە ڕوونکردنەوە بدات.

مارگۆت والسترۆم وەزیری دەرەوەی سوید لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "ڕێگریكرن لە چوونەژوورەوەی چاودێری نێودەوڵەتی بۆ هەڵبژارنەكانی توركیا كارێكی قبوڵكراو نییە، بۆیە داوامان لە نوێنەرانی توركیا كردووە ڕوونی بكەنەوە بۆچی ڕێگەیان نەداوە جەبار ئەمین وەكو چاودێر بچێتە ناو وڵاتەکەیانەوە".

ئاماژەی بەوەش کرد، كاری چاودێرانی نێودەوڵەتی زۆر گرنگە بۆ ڕاستی و پاراستنی هەڵبژاردنەکان و دەبێت چاودێران بێلایەنانە بە ئازادی چاودێری بكەن، بۆیە وڵاتی پێشوازیكەر لە چاودێران، بۆی نییە خۆی چاودێر دیاریبكات و ئەم یاسایە توركیاش دەگرێتەوە.

جەبار ئەمین ئەندامی پەرلەمانی سویدە لەسەر پارتی سەوزی ئەو وڵاتە و وەک چاودێری هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی تورکیا سەردانی ئەو وڵاتەی کردووە، پێشتریش لە ١٢ی مانگی ئایاری ڕابردوودا وەک چاودێر بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە.



AM:11:08:22/06/2018