پەکەکە لەسەر کوژرانی ٣٥ سەرکردەیان، ئۆردوغان بەدرۆدەخەنەوە

ئۆردوغان کە هێرشەکانی بۆ سەر قەندیل و رۆژئاوا کردووە بەکارتێکی هەڵبژاردن، لە رۆژانی رابردوودا باسی لە کوژرانی ٣٥ سەرکردەی پەکەکە لە بۆردومانێکی فڕۆکە جەنگیەکاندا دەکرد، ئەمڕۆ پەکەکە بەفەرمی بەدرۆی خستەوە.

 لەراگەیندراوێکدا هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە بڵاویکردۆتەوە تیایدا هاتووە " تەیب ئەردۆغان ماوەی چەند رۆژێکە بۆ سەرکەوتن لە هەڵبژاردندا دەستیکردووە بە درۆی گەورە گەورە. میدیاکانی سەر بە ئەردۆغانیش ئەو درۆیە یەک لە سەر یەک بڵاودەکەنەوە. بەپێی ئەو درۆیە، فڕۆکە جەنگییەکان کۆبوونەوەیەکەی بەڕێوەبەرانی ئێمەیان بۆردومانکردووە و ٣٥ هەڤاڵمان شەهیدبوون. ئەوە دوایین هەنگاوی ئەردۆغانە و ئەوەش لە دوای ئەوە دێت، کە تێگەیشتووە لە هەڵبژاردندا تێکدەشکێت".

هەروەها لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە " دەبێت هەموو گەلانی تورکیا، هێزە دیموکراسیخوازەکان، حیزبە سیاسییەکان و ئۆپۆزسیۆن ئەوە بەباشی بزانن، کە ئەو ئیدعایە، درۆیە و بۆ فریودانی گەل بڵاوکراوەتەوە. دەیانەوێت بەو درۆیە لە هەڵبژاردندا سەرکەوتن بەدەست بهێنن".

دەقی راگەیاندراوەکەی هاوسەرۆکایەتیی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە

تەیب ئەردۆغان ماوەی چەند رۆژێکە بۆ سەرکەوتن لە هەڵبژاردندا دەستیکردووە بە درۆی گەورە گەورە. میدیاکانی سەر بە ئەردۆغانیش ئەو درۆیە یەک لە سەر یەک بڵاودەکەنەوە. بەپێی ئەو درۆیە، فڕۆکە جەنگییەکان کۆبوونەوەیەکەی بەڕێوەبەرانی ئێمەیان بۆردومانکردووە و ٣٥ هەڤاڵمان شەهیدبوون. ئەوە دوایین هەنگاوی ئەردۆغانە و ئەوەش لە دوای ئەوە دێت، کە تێگەیشتووە لە هەڵبژاردندا تێکدەشکێت. دەیەوێت لە رێگەی ئەو درۆیەوە، دەنگی هەندێک شۆڤێنیست و دوژمنی کورد بەدەست بهێنێت. ئاشکرایە لای خۆیان دەڵێن 'ئەگەر چەند رۆژ پێش هەڵبژاردن ئەو درۆیانە بکەین، درۆکانمان ئاشکرا نابن و سوود لەو درۆیانەش وەردەگرین'. ئەو درۆ بێ بنەمایە لە کۆشکەوە ئامادە کراوە. ئەوەش دەزانێت ئۆپۆزسیۆن ناتوانێت لە دژی ئەو درۆیە قسە بکات و ئەگەر ئۆپۆزسیۆن ڕووبەڕووی بێتەوە، پێی دەڵێت 'ئێوە لایەنگری تیرۆرن؟' و لەو رێگەیەوە بێدەنگیان دەکات. تا ئێستا ئۆپۆزسیۆنیش هیچ وەڵامێکی ئەو درۆیەی ئەردۆغانی بۆ هەڵبژاردن نەداوەتەوە. ئێمە ماوەیەک لەوە پێش لە هەندێک ڕیگاوە رامانگەیاندبوو، پێش هەڵبژاردن پەنا دەبنە بەر پیلانگێڕێ و کاری تێکدەرانە. درۆی 'ئێمە لە کۆبوونەوەیەکمان دا و ٣٥ بەڕێوەبەر لەناوچوون' سەلمێنەری ئەو قسەیەی ئێمەیە.
دەبێت هەموو گەلانی تورکیا، هێزە دیموکراسیخوازەکان، حیزبە سیاسییەکان و ئۆپۆزسیۆن ئەوە بەباشی بزانن، کە ئەو ئیدعایە، درۆیە و بۆ فریودانی گەل بڵاوکراوەتەوە. دەیانەوێت بەو درۆیە لە هەڵبژاردندا سەرکەوتن بەدەست بهێنن. پێویستە گەلیش لە سندوقەکانی دەنگداندا، ئەو کەسە درۆزنە و حیزبەکەی بێزار و تەنگاو بکەن، چونکە دەیانەوێت لەو هەلومەرجە نایەکسانەدا بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن، هەندێک ناهەقی ئەنجام بدەن و دەنگی هەندێک کەسی نەتەوەپەرست، شۆڤێنیست و دوژمنی کورد بەدەست بهێنن.
دەزانن، چەند پۆینتێکیش دەتوانێت ئەنجامی هەڵبژاردن بگۆڕێت، بۆ ئەوەش پەنا دەبنە بەر ئەو جۆرە درۆیانە. ئەو درۆیانە کە چەند رۆژ پێش هەڵبژاردن دەکرێن و سەرباری ئەوەش دواتر راستییەکە ئاشکرا دەبێت، بەڵام هەر دەڵێن 'ئەگەر درۆش بێت، درۆیەکی خراپ نییە'.
ئێمە هەموو گەلانی تورکیا و هێزە سیاسییەکان ئاگادار دەکەینەوە، کە پێویستە بە خێرایی ئەو درۆیەی ئەردۆغان پوچ بکەنەوە. ئەگەر شتێکی لەو شێوەیە رووی بدایە، نەک تەنها میدیاکانی سەر بە ئاکەپە، ئەوا هەموو میدیاکان دەکەوتنە جوڵە لەبارەی ئەو رووداوەوە. هەواڵێکی لەو شێوەیە لە هەموو میدیاکانی جیهاندا بڵاودەبوویەوە، چونکە وەک تەیب ئەردۆغان دەڵێت، ڕووداوێکە کە ناتوانرێت بشاردرێتەوە، بەڵام با هیچ کەس دودڵ نەبێت، ئەوە یاری و فێڵانەی ئەردۆغان بۆ هەڵبژاردن ئاشکرا دەبن و بەسەریدا دەشکێتەوە.



PM:10:21:22/06/2018