"سپی" زانیاری لەسەر دادوەری ئۆفیسی کۆمیسیۆن لە پارێزگاکانی هەرێم بڵاودەکاتەوە

سێ دادوەر لە هەر سێ پارێزگاکەی هەرێم لەلایەن ئەنجومەنی باڵای دادوەری هەرێمەوە بۆ سەرپەرشتیکردنی ئۆفیسەکانی کۆمیسیۆن دیاریکراون و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانیش داوای بێ لایەنی دەکەن.

ئەحمەدی حاجی ڕەشید، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق بە "سپی میدیا"ی ڕاگەیاند "هەفتەیەک لەمەوبەر هەرسێ فراکسیۆنی کۆمەڵ و گۆڕان و یەکگرتوو نوسراومان ئاڕاستەی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق کردووە و داوامان کردووە لە دەستنیشانکردنی ددوەرەکان بێ لایەن بن و دەکرێت ئاڵوگۆڕ بەدادوەرەکانی هەرێم و بەغداش بکرێت لەپێناو بێلایەنی پاراستنی پرۆسەکە".

ووتەکانی ناوبراو لەکاتێکدایە بەگوێرەی زانیاریەکانی "سپی" لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی هەرێم ترسی ئەوەیان هەیە پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان بێلایەنی تیادا نەپارێزرێت.

هاوکات سەرچاوەیەک لەناو هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی هەرێم بە "سپی میدیا"ی ڕاگەیاند "ئەودادوەرەی بۆ ئۆفیسی سلێمانی کۆمیسیۆن دیاریکراوە نزیکە لە یەکێتی دوو دادوەرەکەی هەولێر و دهۆکیش نزیکن لە پارتی دیموکراتی کوردستان".

هەریەكە لە دادوەر دارا لەهەولێر، دادوەر نەجات لەسلێمانی، دادوەر سدقی سەلیم خان لەدهۆك، سەرپەرشتی كارەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەكەن، بۆ هەژماركردنەوەی دەستی دەنگەكانی هەڵبژاردنەكەی 12ی ئایاری ڕابردوو.

رۆژی پێنج شەممە، دادگای فیدراڵی عێراق هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكانی عێراقی بەدەستووریی زانی‌و رایگەیاند، ئەژماركردنەوەی دەنگانی هەڵبژاردنی پەرلەمان بەدەست یاساییە.



AM:11:48:23/06/2018