ئەمڕۆ سێ دادوەرەکەی ئۆفیسی کۆمیسیۆن لە پارێزگاکانی هەرێم دەستبەکار دەبن

رۆژی پێنج شەممە، دادگای فیدراڵی عێراق هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكانی عێراقی بەدەستووریی زانی‌ و، سێ دادوەریشی لە هەر سێ پارێزگاکەی هەرێم بۆ سەرپەرشتیکردنی ئۆفیسەکانی کۆمیسیۆن دیاریکرد، کە ئەمرۆ دەستبەکار بوون،

ئەمڕۆ شەممە هەریەک لە سەرۆکەکانی کۆمسیۆنی عێراق لە هەرێم(عەلی قادر لە هەولێر، هاوڕێ تۆفیق لە سلیمانی و یوسف سەلمان حەسەن بەرواری لە دهۆک)بە فەرمی دەستیان لە پۆستەکانیان کێشایەوەو لە جێگەیان ئەو سێ دادوەرە دەستبەکاربوون کە لەلایەن دادگای فیدراڵی عێراقەوە دیاریکراون بۆ سەرپەرشتی كارەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بە مەبەستی هەژماركردنەوەی دەستی دەنگەكانی هەڵبژاردنەكەی 12ی ئایاری ڕابردوو، بەناوەکانی دادوەران( دارا لەهەولێر، نەجات لەسلێمانی، سدقی سەلیم خان لەدهۆك)

پێشتر ئەحمەدی حاجی ڕەشید، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق بە "سپی میدیا"ی ڕاگەیاند "هەفتەیەک لەمەوبەر هەرسێ فراکسیۆنی کۆمەڵ و گۆڕان و یەکگرتوو نوسراومان ئاڕاستەی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق کردووە و داوامان کردووە لە دەستنیشانکردنی ددوەرەکان بێ لایەن بن و دەکرێت ئاڵوگۆڕ بەدادوەرەکانی هەرێم و بەغداش بکرێت لەپێناو بێلایەنی پاراستنی پرۆسەکە".

ووتەکانی ناوبراو لەکاتێکدایە بەگوێرەی زانیاریەکانی "سپی" لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی هەرێم ترسی ئەوەیان هەیە پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان بێلایەنی تیادا نەپارێزرێت.

هاوکات سەرچاوەیەک لەناو هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی هەرێم بە "سپی میدیا"ی ڕاگەیاندبوو "ئەودادوەرەی بۆ ئۆفیسی سلێمانی کۆمیسیۆن دیاریکراوە نزیکە لە یەکێتی دوو دادوەرەکەی هەولێر و دهۆکیش نزیکن لە پارتی دیموکراتی کوردستان".

رۆژی پێنج شەممە، دادگای فیدراڵی عێراق دەستوری بوونی هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكانی عێراقی  رایگەیاند و بڕیاری یاسایی بوونی، ئەژماركردنەوەی دەنگانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی پەسەند کرد.



PM:04:29:23/06/2018