سەڵاحەدین دەمیرتاش لە زیندان دەنگیدا

سەلاحەدین دەمیرتاش کاندیدی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بۆ پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا لە زیندانی ئەدێرنەوە دەنگیدا.

لە پاش پرۆسەی دەنگدان، سەلاحەدین دەمیرتاش لە هەژماری تایبەتی خۆی تویتەر نوسیویەتی، "لە زیندانەوە دەنگی خۆمان دا، هیوادارم هەموو کەسێک بچێت بۆ دەنگدان چەسپاندنی دیموکراسی لە داهاتووی وڵاتدا، هیواخوازم پڕۆسەى دەنگدان لە کەشێکى ئارام و ئاشتیدا بەڕێوەبچێت".
 دەمیرداش ئەوەشێ نوسیوە،"بڕوام وایە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان باش دەبێت، دەى با هەموومان باش بین."


کاتژمێر ٠٨:٠٠ی بەیانی ئەمڕۆش باشاک دەمیرتاش، هاوسەری سەلاحەدین دەمیرتاش، کاندیدی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لە بنەکەی قوتابخانەی کایەپنار لە ئامەدی باکووری کوردستان دەنگیدا و لە دوای دەنگدان رایگەیاند، "سەرلەبەیانی ئەمڕۆ زوو هاتم و دەنگی خۆمدا، بە جۆش و خرۆشەوە بەشداریمان کردووە، هیوادارین ئەمڕۆ ببێتە رۆژێکی خۆش و خێر بەدوای خۆیدا بهێنێت، کە ساڵانێکە رووبەڕووی ناحەقی دەبینەوە، بەڵکو کۆتایی بەو ناحەقیانە بێت".

وتیشی، هیوادارین گەلی ئێمە لە ئێستاوە بێن دەنگی خۆیان بدەن تاوەکو دیموکراسی و ئاشتی و ئازادی بە زوویی بەدەستبهێنین، دەنگێک دەتوانێت زۆر شت بگۆڕێت، بۆیە پێویستە زوو بێن بەشداری بکەن و دەنگی خۆتان بدەن، نابێت هیچ کاتێک ئەوە لەبیر بکەین کە رۆژانی خۆش زۆر نزیکن.

لەم هەڵبژاردنە پێشوەختەدا کە بە بڕیاری سەرۆکی تورکیا ئۆردوغان و، زۆرینەی پەرلەمانی ئاکەپە بڕیاری لەسەر درا، دوو پرۆسەی دەنگدانی تیادا ئەنجام دەدرێت، یەکێکیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێک کە دەسەلآتێکی زۆری هەیە، لەگەڵ پەرلەمانێکی نوێ بۆ ولآت.

بۆ پۆستی سەرۆکی ولآت شەش بەربژێر خۆیان کاندیدکردووە، کە بەهێزترین وەک راپرسیەکان ئاماژەی بۆ دەکەن، ئۆردوغانی سەرۆکی ئێستا و، ئینجە بەربژێری جەهەپەیە، هاوکات سەرکردە کوردە گەنجە زیندانییەکە، سەلاحەدین دەمیرتاش، یەکێکە لە بەربژێرە دیارەکانی هەڵبژاردنەکە.

لە پرۆسەی دووەمی هەڵبژاردندا هەشت حیزب بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا دەکەن بۆ بردنەوەی ٦٠٠ کورسی کە لەهەڵبژاردنی پێشوودا ٥٥٠ کورسی بوو. لەگەڵ ٦٨ کاندیدى سەربەخۆ، هەروەها چوار هەزار و ٨٠٠ کاندیدى سەرجەم حزبەکان کە ٩٧٧ کاندیدیان ژنن.

تورکیا لە ٨١ پارێزگا پێکهاتووە و دابەشکراوە بەسەر ٨٧ بازنەدا و هەریەک لە ئەستەنبوڵ و ئەنقەرە سێ بازنە و ئیزمیر و بۆرسە لە دوو بازنە و  پارێزگاکانى تر هەریەکەیان بازنەیەکیان بۆ دانراوە


AM:10:38:24/06/2018