ئاماری قوربانیانی تەقینەوەکەی عەفرین بەرزبووەوە

لە ئەنجامی دوو تەقینەوەدا لە ناوەندی شاری عەفرین لە ڕۆژئاوای کوردستان ٢٠ کەس کوژران و برینداربوون.

ئاژانسی هاوار نیوز لە زاری سەرچاوەکانەوە لە ناوخۆی شاری عەفرین بڵاویکردەوە، تەقینەوەیەک لە ناوەندی شاری عەفرین و لە نزیک نەخۆشخانەی دێرسیم ڕوویداوە و بەهۆیەوە زیاتر لە ٢٠ کەس کوژراون.

لە تەقینەوەکەدا ئوتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو بەکارهاتووە و کوژراوەکان هاووڵاتی مەدەنی و گروپە چەکدارەکانی هاوکاری سوپای تورکیان لە شارەکە.

پێشتریش تەقینەوەیەکی دیکە لە فلکەی کاوەی ناوەندی شارەکە ڕوویداوە، کە ئوتۆمبێلێکی جۆری ڤانی تیا بەکارهاتووە و بەهۆیەوە ئوتۆمبێلێکی دیکە و چەند ماتۆڕسکیلێک سوتاون و زیانی مادیش بە دوکان و ئاوەدانییەکانی ناوچەکە گەیشتووە، بەڵام هیچ زانیارییەک دەربارەی زیانە گیانییەکانی ئەم تەقینەوەیەیان نەزانراوە.

لەدوای هەردوو تەقینەوەکە دۆخی شاری عەفرین ئاڵۆز بووە و ڕێگاکانی هاتوچۆ بۆ شوێنی تەقینەوەکان ڕاگیراون و لە دەرەوەی شارەکەش ڕێگە نەدراوە هیچ ئوتۆمبیلێک بچێتە ناوەندی شارەکەوە.

هاوار نیوز بڵاویکردەوە، شەوی ڕابردوو پێکدادانی چەکداری لە نێوان گروپی بەرەی شامیە و گروپی موعتەسیمدا ڕوویداوە و تا ئێستاش هیچ کەس و لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆی لە تەقینەوەکان ڕانەگەیاندووە.

لەدوای چونە ناوەوەی سوپای تورکیا و گروپە هاوکارەکانی بۆ ناوخۆی شاری عەفرین، تا ئێستا چەندجارێک شەڕ و پێکدادان لە نێوان ئەو گروپانە ڕوویداوە و بەهۆیانەوە دەیان چەکداریان لەیەکتر کوشتووە.



PM:06:34:27/06/2018