بارزان...کچێکی تەمەن ١٩ ساڵ بەهۆی تۆپبارانی تورکیاوە گیانی لەدەستدا

پۆلیسی سۆران ڕایگەیاند، بەهۆی تۆپبارانی سوپای توركیا بۆسەر گوندێكی دەڤەری بارزان، كچێكی تەمەن ١٩ ساڵ گیانی لەدەستدا.

لە راگەیەندراوێکی پۆلیسی سۆراندا کە وێنەیەکی بۆ "سپی" نێردراوە، تیایدا رائید ھاوار ئەرگوشی وتەبێژی پۆلیسی سۆران رایگەیاندووە،"ئەمڕۆ شەممە ٣٠ی حوزەیران، کچێک بەهۆی بەرکەوتنی هاوەنێکی سوپای تورکیاوە گیانی لەدەستداوە".

ئەوەش هاتووە، کە، كچەكە ناوی (دنیا رەشدی ناجی)ە تەمەن ١٩ساڵە و دانیشتووی گوندی ھەلانیای سەر بەناحیەی شێروانی مەزن-ە لەسنوری بارزان.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە كچەكە بەمەبەستی کارکردن لەگەڵ خانەوادەکەی چوونەتە پشت گوندی باورا کە، دەکەوێتە سەر سنوری تورکیاو کوردستان، لەوكاتەشدا لەلایەن سوپای تورکیاوە تۆپباران کراون و بەهۆیەوە كچەكە شەهدی بووە.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا وتەبێژی پۆلیسی سۆران ئاماژەی بەوەشکردووە، كە تەرمی كچەكە رەوانەی پزیشکی دادی سۆران کراوە.

ماوەیەکە سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی بەمەبەستی داگیرکردنی قەندیل و دەرکردنی گەریلاکانی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە لەو ناوچەیە دەستپێکردووەو، بەو بیانوەوە ڕۆژانە تۆپبارانی سنورەکانی هەرێمی کوردستان دەکات، کە بەو هۆیەوە چەندین هاوڵاتی هەرێمی کوردستانلەو دەڤەرە بونەتە قوربانی و زیانێکی زۆریش بەر رەز و باخی هاوڵاتیان گەیشتووە.




PM:08:16:30/06/2018