بنەماڵەی پەناهی: ئەگەری کوشتنی رامین لە ئارادایە

بنەماڵەی  زیندانی سیاسی کورد "ڕامین حوسێن‌ پەناهی"، کە ماوەیەکە بە لەسێدارەدان مەحکوم کراوە لە زیندانەکانی ئێران رایدەگەیەنن، لەلایەن بەرپرسانی گرتووخانەی سنەوە ئەشکەنجەی رامین دراوەو هەڕەشەی کوشتنی لێ دەکرێت. 

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی بنەماڵی رامین کە وێنەیەکی دەست "سپی" کەوتووە، تیایدا ئاماژە بەوە دەکەن، ئەمڕۆ پێنجشەممە ٥ی تەمووز سەرۆکی پاراستنی گرتووخانەی ناوەندی سنە، لەگەڵ چەند چەکدارێکدا چوونەتە ناو بەندینجانەو وێڕای ئازار و ئەشکەنجەی زۆری ڕامین، بردوویانەتە بەندی پێنج کە (تایبەتە بە تووشبوانی مادە هۆشبەرەکان) و پێیان وتووە ئەگەر لەسێدارەت نەدەن، لەم بەندە ناچیتە دەرەوە هەتا لەلایەن ئەو بەندکراوانەوە دەکوژرێیت".

هەروەها ئەوەشیان خستوەتەڕوو، بەپێی زانیاییەکی ورد کە بەدەستمان گەیشتووە، کۆماری ئیسلامی بە نیازە بەبێ ئەوەی پارێزەر و بنەماڵەکەی ئاگادار بکاتەوە، بە بێدەنگی لەسێدارەی بدات".

هەروەها ئەو بنەماڵەیە باس لەوەش دەکەن،" سەرەڕای ئاگاداریی دەستبەجێ بۆ ڕزگارکردنی گیانی ڕامین، داوا لە هەموو دامەزراوە و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و بەتایبەت ئازادیخوازانی کوردستان و ئێران دەکەین بە هەوڵی جیدیی کاریگەر و خێرا،  پێش بە ڕوودانی کارەساتێکی دیکە لەدژی بنەماڵەکەمان بگرن".

 لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا دەڵێن "لەم هەلومەرجەدا ئێمە هاواری ستەملێکراویی خۆمان دەگەیەنینە گوێی هەموو مرۆڤە ئازادیخوازەکان، چونکە لەو باوەڕە داین ئێوەی ئازادیخواز دەتوانن دەنگ و هاواری ئەو کەسانەی لەدەست نادادپەروەرییەوە گیریان خواردووە، بگەیەننە گوێی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان".


PM:05:35:05/07/2018