نيلسون مانديلا؛ پیاوێک بە زەردەخەنە دژی چەوساندنەوە وەستایەوە

ماوەیەکی درێژ یاریزانی بۆکسێن بوو، لەگەڵ ئەوەشدا هەرگیز زەردەخەنەکەی سەر لێوی لە یاد نەکرد، ئەو زەردەخەنەیەی شەڕی دژی ڕەگەزپەرستی و چەوسانەوەی پێکرد، نێلسۆن ماندێلا ئەمڕۆ 100ساڵ بەسەر لەدایکبوونیدا تێدەپەڕێت، کە نەتەوە یەکگرتووەکان کردویەتییە ڕۆژێکی جیهانی و لە سەد وڵات بەو بۆنەیەوە ئاهەنگ دەگێردرێت بۆیە هەموو جیهانیش پێی دەڵێن ڕۆژی لەدایکبوونت پیرۆز.

پارێزەرێک کە دەیویست هەموان بپارێزێت، کاتێک لە وڵاتەکەیدا و لە ساڵی 1952ە یەکەم نوسینگەی پارێزەرایەتی کردەوە، کە پیاوێکی ڕەش پێست بەڕێوەی ببات، ئەو بە درێژایی ئەو ساڵانە ڕووبەڕووی دەسەڵاتی سستەمکاری وڵاتەکە و چەوساندنەوە لەسەر بنمای ڕەنگەکان بووەوە، دوای هەشت ساڵیش ئەو نوسینگەیەی دروستکرا سوتێنرا.

لەگەڵ ئەوەشدا ماندێلا دەستی کرد بە وەرزش و بەیاری بۆکسێن، ئەوکارەشی بۆیە کرد تا دژی ڕەگەزپەرستی بووەستێتەوە و وەک خۆی دەیوت لە گۆڕەپانی بۆکسێندا پلەوپایە گرنگ نییە، تەمەن و ڕەنگی پێست و سەروەت و سامان گرنگ نییە.

ماندێلا پێی وابوو کە دەکرێت گۆڕانکاری گەورە بکات، ئەو بەردەوام ڕابەرایەتی خۆپیشاندانی بەرفراوانی ڕەشپێستەکانی دەکرد بۆ داواکاری مافەکانیان تا ساڵی 1964 و دادگایی کرا و بە هۆی چالاکییە سیاسییەکانیەوە بڕیاری زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنرا.

زیندانەکەی تەنها پێنج مەتر بوو، ئەو بە ئاسانی نەیدەتوانی هاتوچۆشی تێدا بکات، 18ساڵی لەو پێنج مەترەدا بەسەربرد و لەو کاتەشدا هاوسەرەکەی پشتی لە ماندێلا نەکرد و سەرپەرشتی و یەکێک بوو لە ڕێکخەرەکانی خۆپیشاندانە بەردەوامەکان دژی ڕەگەزپەرستی.

لە 1988دا ماندێلا تەمەنی بوو بە حەفتا ساڵ، ئەگەرچی ئەو لەودیو شیشەکانی زیندانەوە بوو، بەڵام جیهان تێکۆشانەکەی لە یاد نەکردبوو، بۆیە لە یاریگای ویمبوڵی لە لەندەن ئاهەنگێکی گەورەی بۆ ڕێکخرا کە 70 هەزار هاندەر تێیدا بەشدار بوون و دە کاتژمێر گۆرانی وترا و لە ڕێگەی تەلەفزیۆنەوە ئاهەنگەکە گواسترایەوە، ئیدی ماندێلا بوو بە ناوێک کە لەسەرتاسەری جیهاندا درەوشایەوە.

دوای 27 ساڵ مانەوەی لە زیندان دواجار لە 11ی شوباتی 1990دا لە زیندان ئازادکرا و لەگەڵ هاتنەدەرەوەشیدا دەستی بۆ ئاسمان بەرزکردەوە و هێمای بە سەرکەوتن کرد دژی ڕەگەزپەرستی.

ئەو لەگەڵ ئازادکردنیدا دەستی بە کاری سیاسی کردەوە، ئەو بە پێچەوانەی ئەوەی هەوڵی تۆڵەسەندنەوە بدات، ڕێگای ئاشتی هەڵبژارد و یەکەم گفتوگۆی لەگەڵ سەرۆکی ئەوکاتەی ئەفریقای باشوور ئەنجامدا و ئەوەش وایکرد لە ساڵی 1993دا خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێ بدرێت.
لە 10ی ئایاری ساڵی 1994دا هەمووشتێک گۆڕدرا، هەڵبژاردنێکی دیموکراتیانە ئەنجامدرا و نێلسۆن ماندێلا بووە یەکەم سەرۆکی ڕەشپێست لە مێژووی ئەو وڵاتەدا و لە ساڵی 1999دا وازی لە پۆستەکەی هێنا.

ئەگەرچی دواتر هەموان دەیانویست تۆڵە لەوانە بکەنەوە کە ئازاری ڕەشپێستەکانیاندابوو، بەڵام ماندێلا دژی ئەوە وەساتەیەوە کە چیتر لە وڵاتەکەیدا ئازار هەبێت و وازی لە تۆڵەسەندنەوە هێنا و ڕابەرایەتی وڵاتەکەی کرد تا میوانداری مۆندیالی 2010 بکات کە لە ئەفریقای باشوور ئەنجامدرا.

ماندێلا دوای وازهێنانی لەسەرۆکایەتی دەیوت بێ ڕەوشترین سەرۆکەکانی دنیا ئەوانەن خەباتوو ماندووبونیان بە گەلەکانیان دەفرۆشنەوەو لەسەریان دەکەن بەبارو بەمنەت ، من ئەگەر سەرکردەیەکیش نەبوایەم وەک هاوڵاتیەکی ئاسایی ئەرکی ئەخلاقیم بوو لەپێناو نیشتیمانەکەم تێبکۆشم.

ئەو دوای بینینی 93 نەوەی و لە تەمەنی 95 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد و دواجاریش دەیوت ئەوەی وایکردووە ئەو سیاسییەکی جیاواز بێت ئەوەیە کە ئەو دان بە هەڵەکانیدا دەنێت.




PM:05:31:18/07/2018