عەبادی وەڵامی مەرجەعی باڵای شیعەکان دەداتەوە

سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، لەسەرەیاتی خۆپشاندانەکانەوە وەڵامی سەرجەم داوا ڕەواکانی خۆپیشاندەرانیان داوەتەوە.

لە بەیاننامەیەکدا کە ئەمڕۆ هەینی بڵاویکردوەتەوە، نوسینگەی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، " لەسەرەتای خۆپیشاندانەکانەوە دەستبەجێ وەڵامی سەرجەم داوا ڕەوەکانیانمان داوەتەوە.

ئەوەش هاتووە، کۆبونەوەیان لەگەڵ چەنس شاندێکی پارێزگاکان ئەنجامداوەو دەستبەجێی فەرمانیان دەرکردووە بۆ جێبەجێکردنی  داخوازی خۆپیشاندەران، ئەویش بەگوێرەی ئەو دەسەڵاتە دیاریکراوەی کە هەیانە.

سەبارەت بە داواکارییەکانی مەرجەعی باڵای شیعەکان نوسینگەی عەبادی لە بەیاننامەکەدا دەڵێت "داواکارییەکانی مەرجەعیەتی باڵا بینایی چاومانەو وەک چاومان دەیپارێزین، بەتایبەت وەک پێشتریش  فتوای جیهادی کیفایەی دەرکرد و جێبەجێکرا.

هەروەها دەلێت، هەڵوێستمان بۆ وتارەکەی ئەمڕۆی مەرجەعی باڵا ئەوەیە، کە پشتیوانی سەرجەم تێبینی و داواکارییەکان دەکەین، هەروەک چارەسەرەکانیش کە دیاریکردووە، قەڵغانێک دەبێت بۆ پاراستنی عێراق و وەدیهێنانی ئارامی و ئاسایش و دادپەروەری بۆ ڕۆڵەکانی عێراق و شوێنێک نامێنێتەوە بۆ گەندەڵکاران و بەفیڕۆدەرانی داهاتی گشتی.

 ئەوەش لە کاتێکدایە ئەمڕۆ هەینی لە وتارێکدا مەرجەعیەتی باڵای شیعەکانی عێراق هۆشداریدایە حکومەت و  ب ە پێویستیان زانی، کەسەرۆکی داهاتووی حکومەت بەرپرسیارێتی تەواوەتی بگرێتە ئەستۆ و بوێر و بەهێزبێت، هەروەها ڕێوشوێنی توندیش لە دیاریکردنی کابینەکەی و پڕکردنەوەی پۆستە باڵاکان بگرێتەبەر

هاوکات داواشیان لە حکومەتەکەی حەیدەر عەبادی کرد،بەپەلە داواکاری خۆپیشاندەران جێبەجێبکات و نەهامەتییەکانیان کەمبکاتەوە، بە پێچەوانەوە خۆپیشاندەران ناچاردەبن پەرە بە شێوازی ناڕەزایەتییان بدەن و کاردانەوە و وەڵامی گەل بەهێزتر دەبێت.


PM:08:15:27/07/2018