هۆشداری دەدرێت بەو هاوڵاتیانەی سەردانی ئێران دەکەن


باڵیۆزی عێراق لە ئێران داوای لە ھاووڵاتییانی وڵاتەکەی کرد، لە کاتی سەردانیکردنی ئێراندا، ”زۆر وریا بن"، چونکە دیاردەکانی دزین لە ھاووڵاتییانی عێراقی رووی لەزیادبوون کردووە.
 
ڕۆژنامەی (ئەلحەیات)ی چاپی لەندەن لە زاری ڕاجح مووسەوی، باڵیۆزی عێراق لە تاران بڵاوی کردەوە، " بەھۆی زۆربوونی دیاردەی دزی و کوشتنی بەئەنقەست، داوا لە ھاووڵاتییانی عێراق دەکەم لە گەشت و سەردانی ئێراندا وریا بن".
 
راجح موسەوی دەڵێت "بە لەبەرچاوگرتنی زۆربوونی دیاردەی دزی لە گەشتیار و موسافیرە عێراقییەکان لە ھەفتەکانی ڕابردوو، داوا دەکەم لە شەواندا زۆر وریا بن، چونکە لەو ماوەیەدا ھاووڵاتییەکی عێراقیش لە ئێران کوژراوە".
 
ناوبراو ئاشکرای دەکات ڕۆژانە نزیکەی ٢٠ ھەزار ھاووڵاتیی عێراقی بە ھۆکاری جۆراوجۆر، سەردانی ئێران دەکەن و پاش بڕیاری حکوومەتی ئێران بۆ ھەڵگرتنی ڤیزا بۆ شارە سنوورییەکانی "ئابادان و خوڕەمشار"، ڕێژەی گەشتیاری عێراقی بۆ ئێران ڕووی لە زیادبوون کردووە.



PM:10:10:15/08/2018