وەزارەتی دارایی: کێشەی بڕینی دەرماڵەی فەرمانبەران چارەسەر کرا

ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، "بە بڕیاری وەرزارەتی دارایی كێشەی بڕینی دەرماڵەی فەرمانبەرانی هەموو وەزارەتەكان چارەسەر بووە و تەنها ئەو فەرمانبەرانە ناگرێتەوە، كە لەلایەن حكومەتەوە ئۆتۆمبێلی هاتوچۆیان بۆ گیراوە ".

ڕەمەزان نامیق، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە ماڵپەڕی خەڵکی وتووە "دوای ئەوەی بڕینی دەرماڵەی جوگرافی فەرمانبەران لە چەند ناوچەیەكی سنوری پارێزگای سلێمانی ناڕەزایی لێكەوتەوە بە تایبەت مامۆستایانی ئاینی، هەر بۆیە لە ماوەی ڕابردودا وەك ئەركی سەرشانم سەردانی چەند لایەنێكی پەیوەندیدارم كرد بۆ ئەم بابەتە و بە تایبەتی بەڕێوەبەرایەتی گەنجینەی سلێمانی بۆ بەدواداچون و هۆكاری بڕینی دەرماڵەكانیان”.

ڕاشیگەیاندووە، "لە دواین هەوڵدا ئەمڕۆ لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا بەڕێوەبەری نوسینگەی وەزیری دارایی پێی ڕاگەیاندم، كە كێشەی بڕینی دەرماڵەی فەرمانبەرانی هەموو وەزارەتەكان چارەسەر بووە و تەنها ئەو فەرمانبەرانە ناگرێتەوە، كە لەلایەن حكومەتەوە ئۆتۆمبێلی هاتوچۆیان بۆ گیراوە و بەپێچەوانەشەوە هەر فەرمانبەرێك بەئۆتۆمبێلی حكومی هاتوچۆ نەكات دەرماڵەی جوگرافی بۆ خەرج دەكرێت”.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕوونیشی کردەوە، "هەرچەند بەهۆی پشوی جەژنەوە نەتوانراوە ڕێكاری ئیداری ڕێنماییەكە تەواو بكرێت، بەڵام وەزیری دارایی ڕەزامەندی لەسەر ئەم بابەتە دەربڕیوە و بڕیارە لە 1/6/2018ەوە دەرماڵەكە خەرج بكرێت”.



PM:11:41:18/08/2018