ئاگادارییەكی بەپەلە بۆ ئەم موچەخۆرانە

تائێَستا 77 هەزار خانەنشین باركۆدیان نەگەڕاندۆتەوە، ئەندامی ژووری عەمەلیاتی بایۆمەتری لەپارێزگای سلێمانیش رایدەگەیەنێت: لەم مانگەو مانگی داهاتوو دوو جار ئاگاداردەكرێنەوە، ئەگەر تاوەكو مانگی 9 باركۆدەكانیان نەهێنن، لەمانگی 10 دا موچەیان رادەگیرێت و پێیان نادرێت.

یادگار جەبار ئەندامی ژووری عەمەلیاتی بایۆمەتری لەپارێزگای سلێمانی بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی راگەیاندووە: تائێستا 77 هەزار خانەنشین باركۆدیان نەگەڕاندۆتەوە، كە ئەوانیش سێ جۆرن، زۆربەیان باركۆدیان ونكردووە، بەشێكیشیان خۆیان تۆمار نەكردووەو ئەوانی دیكەشیان دوو موچەیی یاخود زیاترن و كێشەیەكی نایاساییان هەیە.

وتیشی "لەم مانگەدا بەشێوەیەكی زارەكی ئاگاداریان دەكەینەوە كە باركۆدەكانیان بهێنن، لەمانگی 9 دا بەشێوەی نووسین ئاگاداریان دەكەینەوەو لەسەر لیستی موچە ناوەكانیان دیاریدەكرێت، لەمانگی 10دا ئەگەر باركۆدیان نەهێنابێت، موچەكانیان رادەگیرێت".

ئەندامی ژووری عەمەلیاتی بایۆمەتری لەپارێزگای سلێمانی روونكردنەوەی زیاتری داو وتی "لەئاگاداری دووەمدا، كە لەمانگی داهاتوودا دەبێت، پێویستە ئەو خانەنشینانە سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەكانی خانەنشینی بكەن، ئەگەر باركۆدەكەیان ونكردبێت، ناوەكانیان دەكرێت بەلیستێك و باركۆدەكەیان بۆ دەدۆزینەوە".

وتیشی "ئەو خانەنشینانەی خۆیان تۆمار نەكردووە، ئەگەر بەئەنقەست بێت لەبەرئەوەی موچەی دیكەیان هەیە، بەدڵنیاییەوە ناوەكانیان لەڕێگەی ژمارەی پێناسی باری شارستانییەوە دەدۆزرێتەوە، بەڵام خۆتۆماركردنیان پێویستە ئەنجومەنی وەزیران بڕیارێك لەبارەیانەوە بدات".

جەختیشیكردەوە، لەمانگی 10 لیستی موچەی خانەنشینی بەتەواوی كۆنتڕۆڵ دەكەن و  بەپێی بایۆمەتری موچە دەدەن، هەر كەسێك باركۆدی نەبێت، موچەی پێنادرێت.



PM:06:36:21/08/2018