رێگا نادرێت قوباد تاڵەبانی سەردانی مەزاری نەوشیروان مستەفا بکات
هەڤاڵ ئەبوبەکر سەردانی مەزاری تاڵەبانی دەکات


بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە دوێنی ٢١ی ئاب قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم و کوڕە بچووکی تالەبانی دەیەوێت سەردانی مەزاری نەوشیروان مستەفا رێکخەری کۆچکردووی گۆڕان لە گردی زەرگەتە بکات، بەڵام بەرپرسانی گۆڕان " بەرێزەوە پێی رادەگەیەنن کە بوار نییە بۆ ئەو سەردانە"، بەڵام هەر هەمان رۆژ پارێزگاری سلێمانی هەڤاڵ ئەبوبەکر سەردانی مەزاری تاڵەبانی دەکات.

بەپێی زانیارییەکانی سپی، قوباد تاڵەبانی دوێنێ دوای سەردانی مەزاری باوکی وەک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی وێنەکانی بڵاوکردوونەتەوە، پەیوەندی کردووە بە بەرپرسانی گۆڕانەوە تا سەردانی مەزاری نەوشیروان مستەفا بکات، بەڵام بواری نەدراوە.

ساردی پەیوەندی نێوان گۆڕان و یەکێتی دەگەرێتەوە بۆ سەروبەندی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، کاتێک کە گۆڕان یەکێتی تۆمەتبار دەکرد، بە ئەنجامدانی ساختەکاری، هەر هەمان شەو ١٢ ی ئایار هێزێکی یەکێتی هێرشێکی چەکداریان کردە سەر مەکۆی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان لە گردی زەرگەتە لە سلێمانی و پاش ماوەیەک شەڕ،  هێزەکە پاشەکشەی کرد.

دوێنێ پاشنیوەرۆکەی یەکێتی لەسەر ئەو هێرشە لە بەیانێکدا بەبۆنەی جەژنەوە لەسەر ئەو رووداوە داوای لێبوردنی لە بزووتنەوەی گۆڕان کرد.

لەلایەکی ترەوە دوێنی هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی لەسەر لیستی گۆڕان سەردانی مەزاری تاڵەبانی لە سلێمانی کردو و وێنەکانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاوکردەوە.



AM:09:21:22/08/2018