بەرهەم ساڵح بەنهێنی سەردانی مەسعود بارزانی دەکات

‌وێنە..ئەرشیف
د. بەرهەم ساڵح سەرۆکی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادوەری سەردانی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە دوای کۆبوونەوەی ١١ ی ئابی هەر چوار لایەنی هاوپەیمانی و گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو، بەرهەم ساڵح بە دوور لەچاوی کامێرا سەردانی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هاوینە هەواری سەلاحەدین دەکات.  

ئەو سەردانە کە بەبێ ئاگاداری سێ لایەنەکەی تری ئۆپزسیۆن ( گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو ) ئەنجامدراوە، دوو جۆرە زانیاری رۆژنامەوانی لەو بوارەدا تاوتوێ دەکرێت، بابەتێکیان پەیوەندی بە پۆستی سەرۆک کۆماری عێراقەوە هەیە کە تا ئێستا بەرهەم ساڵح چاوی لەسەر ئەو پۆستەیە. بابەتی دووەمیش یەکخستنی هەڵوێست و وتاری هێزە کوردیەکانە بەرامبەر بەغدا لە ڕێگای سازدانی دایالۆکێکی نیشتمانیەوە.

دەزگای راگەیاندنی خەندان کە سەر بە د. بەرهەم ساڵح و قەوارەی هاوپەیمانییە لەسەر ئەو سەردانە هیچ زانیاریەکی بڵاونەکردۆتەوە.

قەوارەی ھاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری رۆژی ١٦ی ئەیلولی ساڵی رابردوو لەلایەن رێپێدراوی یاسایی دكتۆر بەرھەم ساڵحەوە لەكۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی كوردستان تۆماركرا.

ھەروەھا ٢٧ی كانونی یەكەمی ساڵی رابردوو، ھاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری مۆڵەتی فەرمی لە كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی عێراق وەرگرت.



PM:12:25:22/08/2018