ڕوسیا هۆشداری دەداتە ئەمریکا

وەزارەتی دەرەوەی رووسیا هۆشدارییەکی توند دەداتە  سوپای ئەمریکا لە هێرشکردنە سەر حکومەتی سوریا.

ئەمڕۆ شەممە 25/8/2018، وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند کە ئەمریکا کەشتیگەلێکی جەنگیی ئەمریکی بە مووشەک و فڕۆکەی جەنگیی B-1Bـیەوە گەیشتووەتە ئاوەکانی کەنداوی عەرەبی، بۆ لێدان لە رژێمی سووریا.

دوای ئەو راگەیەندراوەی وەزارەتی بەرگریی رووسیا، وەزارەتی دەرەوەی رووسیا بە توندی هۆشداریی داوەتە سوپای ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە هەر هەنگاوێکی ئالۆزترکردنی بارودۆخی سووریا.

وەزارەتی دەرەوەی رووسیا پێی وایە ئەمریکا بە دوای هەر دەرفەتێکدا دەگەڕێ بۆ هێنانەپێشەوەی گۆڕینی رژێمی سووریا و ئەمجارەش پرسی بەکارهێنانەوەی چەکی کیمیاوی لەلایەن رژێمی سووریاوە، دەکاتە ئامانج.

پێشتر ئاژانسی "سپۆتنیک"ی ڕووسی بڵاویکردبووەوە کە جۆن بۆڵتن، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا لەکاتی کۆبوونەوەیەک لەگەڵ نیکۆلای پاترۆشیڤ، سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی رووسیا، هەڕەشەیەکی توندی لە رژێمی سووریا کردووە.

جۆن بۆڵتن رایگەیاندبوو، کە ئەگەر ئەمجارە ئەو رژێمە چەکی کیمیاوی لە پارێزگای ئیدلیب بەکار بهێنێت، ئەوا "گورزێکی توندتر لە جاری رابردوو لە حکوومەتی دیمەشق دەوەشێنین".




PM:01:21:25/08/2018