ئاماری قوربانیانی بوومەلەرزەکە ڕاگەیەندرا...شەهید و بریندار هەیە

سەنتەری فریاگوزاری زانکۆی زانستی پزیشکی کرماشان ڕایگەیاند، بەهۆی بوومەلەرزەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆی پارێزگای کرماشان، تا ئێستا کەسێک گیانی لەدەستداوە و ٥٨ کەسیش برینداربوون.

ئەوەشی ڕاگەیاند، ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە بەهۆی جەڵدەی دڵەوە بووە و تەمەن ٧٠ ساڵە و دانیشتووی ناوچەی تازە ئابادە.

ئاماژەی بە ئەوەشکرد، بەهۆی بوومەلەرزەکەوە تاوەکو ئێستا ٥٨ کەس برینداربوون بە جۆرێک ١٢ کەسیان لە جوانرۆ بووە و ٢٠ کەسیان لە شاری ڕەوانسەر و چوار  کەس لە کوزران و لە ناوچەی باوەجانی ٢٢ کەس برینداربوون.

كاتژمێر ١:١٣ خولەكی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بومەلەرزەیەکی بەهێز، بە گوڕی  ٦.٣  و بە پێوەری ڕێختەر لە قوڵایی ١٠ کلیۆمەتر هەرێمی کوردستان و عێڕاق و پارێزگای کرماشانی هەژاند و بە ئاسانی هەستی پێکرا.

لەرزەنگاری جیهانییش ڕایگەیاند،  چەقی بومەلەرزەکەی ئەمشەو  بەگوڕی ٦.٣ و بەپێوەری ڕێختەر لەقوڵایی ١٠ کیلۆمەتر بووە و لە ناوچەکانی نێوان تازە ئاباد و سەرپێڵی زەهاو.

بەپێی زانیارییەکان میدیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش، لەدوای بومەلەرزەکەوە لە بەشێک لە  ناوچەی تازە ئاباد و شاخی داڵەهۆ و جوانڕۆ و تەواوی گوندەکانی بناری داڵەهۆ تەزووی کارەبا بچڕاوە.



AM:03:06:26/08/2018