هۆشیار زێباری بە زەحمەتی دەزانێت بتوانرێت حکومەتی عێراق پێکبهێنرێت

هۆشیار زێباری ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی و سیاسیە بە ئەزموونەکەی ئەو حیزبە لەبەغدا پێیوایە زەحمەتە حکومەتی بەغدا پێکبهێنرێت.

لێدوانەكەی زێباری لەمیانی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ بەشی كوردی دەنگی ئەمریكادا لەسەر پرسی پێكهێنانی حكومەتی عێراق كرد و ئەوەیخستەڕوو كە گەڕانەوەیان بۆ بەغدا لەسەر بنەمای ئەوەیە  "بەغدا موڵكی هەموو كەسێكە كە لە عێراقدا بژی و كیشەكانی هەولێریش لەگەل بەغدا لەسەر جێبەجێنەكردنی دەستوور بووە".

زێباری روونیشیكردەوە " تائێستا كورد و سوننە بڕیاری نەداوە كە لەگەڵ چ لایەنێك بەشداربێت بۆ پێكهێنانی گەورەترین كوتلە كە ئەركی پێكهێنانی حكومەتی پێدەسپێردرێت"، هەروەها وتیشی " كورد لەگەڵ ئەو لایەنە دەبێت كە زۆرترین داواكارییەكانی جێبەجێ دەكات، بۆیە هێڵی سووریان لەسەر كەس نییە".

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی پارتی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە كە زەحمەتە بتوانرێت حكومەتی نوێی عێراق پێكبهێندرێت.

هۆشیار زێباری ئەوەشی رەتكردەوە كە لەنێوان یەكێتی و پارتیدا پرسی پۆستی سەرۆك كۆمار و پارێزگاری داهاتووی كەركوك وەك یەكپاكێج باسكرابێت.

هات و ئەوەشیخستەڕوو كە هەر لە رۆژی 5ی ئەیلولی داهاتووشەوە هەڵمەتی بانگەشە بۆ هەڵبژاردنەكەی 30ی ئەیلول دەستپێدەكات.



AM:11:54:29/08/2018