کەشناسی هاوڵاتیان لە روودانی مەترسیەکی سروشتی ئارام دەکاتەوە

بەرێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەی هەرێم هاوڵاتیان ئارام دەکاتەوە کە هیچ جۆرە لافاوێک روونادات.

لە روونکردنەوەیەک بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەی هەرێم روونیدەکاتەوە " لەم دوو رۆژەی دواییدا پڕوپاگندەی روودانی لافاو لەو ماوەیە لە هەرێمی كوردستاندا بڵاوبۆتەوە كە بێ گومان (هیچ) أصل و ئەساسێكی زانستیی بۆ نییە، چونكە مەحاڵە بەهیچ شێوەیەك لە ئێستاوە بزانرێ‌ ئاخۆ ئاستی باران بارین و سروشتی زستانی ئەمساڵ و هەر هەموو ساڵێك بە شێوەیەكی پێشوەختە بزانرێ، بەڵكو ئەوەی روویداوە شیكردنەوەو تێگەیشتنێكی هەڵەی چەند دەزگایەكی راگەیاندن بووە لە هەواڵێكی زانستی پەیجی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان كە زۆرجار بە داخەوە چەندین جارە ئەو هەڵانە دووبارە دەكەنەوە بێ ئەوەی بەخۆیاندا بچنەوەو هەروەها بەشێكیش لە هاوڵاتیان بەشداردەبن لە بڵاوكردنەوەی ئەو هەواڵە بێ بنەمایانە".

لەو بەشێکی تری روونکردنەوەکەدا هاتووە " تكا لە بەرپرسانی ئیداری ئەو دەزگایانە دەكەین رێگە نەدەن كەوا چەند كارمەندێك بە سانایی و بێ بەدواداچوونی وردو وەرگرتنی راوبۆچوونی كەسانی پسپۆڕو دەزگاكانی پەیوەندیدارەوە هەواڵ و پێشهات و رووداوو دیاردە سروشتییەكان بڵاوبكەنەوە، چونكە بڵاوكردنەوەی هەواڵ و شیكردنەوەیەكی هەڵە بێگومان دەبێتە هۆی نانەوەی پشێوی و دڵەڕاوكێ و نانەوەی كەشێكی نائارام لەنێو هاوڵاتیان و ونبوونی هەموو راستی و بنەما زانستییە باوەڕپێكراوەكان و لەهەمان كاتدا دووبارە بوونەوەی ئەم هەڵانە دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی متمانەی رای گشتی بەو دەزگایانە". 



PM:07:47:18/09/2018