ڕۆحانی داوا لە ئەمریكا دەكات بگەڕێتەوە بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی

حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران داوای لە ئەمریكا كرد بگەڕێتەوە بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی و كۆتایی بە سیاسەتی "دوژمنكارانە" بەرامبەر وڵاتەكەی بهێنێت.

لە میانی وتارەكەیدا لەبەردەم كۆمەڵەی گشتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان حەسەن رۆحانی  رەخنەی لە سیاسەتەكانی واشنتۆن بەرامبەر تاران گرت و رایگەیاند، "بە ئاشكرا رایدەگەیەنم كە هەر لە سەرتاوە سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر ئێران سیاسەتێكی هەڵە بوو و بەدڵنیاییەوە ئەو جۆرە سیاسەتكردنە مەحكومە بە شكست".

ئاماژەی بەوەش كرد، بە سەپاندنی سزاكانی بەسەر ئیراندا، ئەمریكا جەنگێكی ئابوریی دژ بە ئێران دەستپێكردووە و ئەو جەنگەش تەنها گەلی ئێران ناكاتە ئامانج بەڵكو زیان بە گەلانی وڵاتانی دیكەش دەگەیەنێت كە بووەتەهۆی لەكارخستنی بازرگانیی جیهانی.

حەسەن رۆحانی راشیگەیاند، ئەوەی ئێران دەیڵێت ڕوونە، ئەوەش ئەوەیە كە نە جەنگمان دەوێت نە سزا و نە هەڕەشە، ئەوەی دەمانەوێت تەنها ئەوەیە كە بەپێی یاساكان كار بكەین و پابەند بین پێیانەوە، وتیشی، "داواتان لێدەكەم بگەڕێنەوە بۆسەر ئەو مێزە دانوستانەی كە تێكتانداوە".

ئەم وتانەی سەرۆك كۆماری ئێران دوای وتارەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە كۆبوونەوەی كۆمەڵەی گشتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان هات كە رایگەیاند، دەیانەوێت پەیوەندییەكی جوان لەگەڵ ئێراندا بنیات بنێن، بەڵام ئەوە لەم دۆخەدا ڕوونادات تا هەڵسوكەوتیان نەگۆڕن.

ترەمپ دووپاتیكردەوە، بە هیچ شێوەیەك ڕێگە نادەن ئێران ببێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی، كە هەڕەشەی لە ئەمریكا و ئیسرائیل و هاوپەیمانەكانی پێ بكات.

ئاماژەی بەوەش كرد، سەپاندنی سزاكانیش بۆ ئەوەیە چیتر دەسەڵاتدارانی ئێران نەبنە خاوەنی چەكی ئەتۆمی و ئابوریی بەهێز.

رۆژی سێشەممە كۆبوونەوەی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان دەستیپێكرد، كۆبوونەوەكانی خولی  ٧٣ كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە شاری نیویۆركی ئەمریكا بە بەشداری زیاتر لە ١٤٠ سەرۆك وەزیر و سەرۆكی وڵاتان دەستی بەكارەكانی كرد.




AM:09:01:26/09/2018