هەردوو هاوپەیمانییە گەورەكە لەسەر دیاریکردنی سەرۆک وەزیر ڕێکدەکەون

هەردوو هاوپەیمانییە گەورەكەی شیعەكان رازین بەكاندیدكردنی عادل عەبدولمەهدی بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق.

ئەرشەد ساڵحی، سەرۆكی بەرەی توركانی ئاشكرایكرد، هاوپەیمانی چاكسازی‌و بینا لێكنزیكبوونەتەوە، بۆ دیاریكردنی كاندیدێك بۆ سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق‌و پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌.

ئەرشەد ساڵحی راشیگەیاند، لێكنزیكبوونەوەی ئەو دوو هاوپەیمانییە، دوای ئەنجامدانی كۆبوونەوەیەك بووە لەنێوان سەركردەكانیان، كە لەو كۆبوونەوەیە لێكتێگەیشتنی باش لەنێوانیان هاتووەتە ئاراوە.

ساڵحی ، كە پەرلەمانتاری عێراقە ئەوەشی راگەیاندووە، كە لەماوەی داهاتوو رێككەوتنی هەردوو هاوپەیمانییەكە رادەگەیەنرێت‌و بەفەرمی عادل عەبدولمەعدی رادەسپێرێت بۆ پێكهێنانی حكومەتی عێراق.

لە 12 ئایاری رابردووەوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەرێوەچووەو بەهۆی ناكۆكییەكانەوە نەتوانراوە حكومەتی نوێ‌ پێكبهێنرێت.



AM:08:20:28/09/2018