پەروەردەی سلیمانی بەڕێوەبەرەكان ئاگادار دەكاتەوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی لەبارەی یەكپۆشی خوێندكاران لە ساڵی نوێی خوێندنی 2018 بۆ 2019 بەڕێوەبەری خوێندنگەكان ئاگاداردەكاتەوە و رایدەگەیەنێت "بەڕێوەبەرەكان بەهیچ شێوەیەك رێگەیان پێنادرێت كەسوكاری خوێندكاران و قوتابیان ناچار بكەن لە كۆمپانیایەك یاخود ماركێتێكی دیاریكراو جلەكان بكڕن".

لە ئاگادارینامەیەكدا كە وێنەیەكی دەست "سپی میدیا" كەوتووە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی لەبارەی یەكپۆشی خوێندكاران، بەڕێوەبەری خوێندنگەكانی ئاگادار كردووەتەوە و ئاماژەی بەوەكردووە "بەڕێوەبەرەكان تەنها دەتوانن رەنگی جلەكان دیاری بكەن و بەهیچ شێوەیەك رێگەیان پێنادرێت كەسوكاری خوێندكاران و قوتابیان ناچار بكەن لە كۆمپانیایەك یاخود ماركێتێكی دیاریكراو جلەكان بكڕن".

ئەوەشی خستووەتەڕوو "كەسوكاری هەر قوتابی و خوێندكارێك، سكاڵا لە هەر بەڕێوەبەرێك بكات لەسەر ناچاركردنی بۆ كڕینی جلوبەرگی منداڵەكانی لە شوێنێكی دیاریكراو لێپێچینەوەی یاسایی توندی لەگەڵ دەكرێت".

بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی باسی لەوەشكردووە، كەسوكاری قوتابیان و خوێندكاران سەرپشكن لەوەی لەكوێ‌ جلوبەرگی خوێندن دەكڕن بەمەرجێك ئەو رەنگە بێت كە خوێندنگەكەی دیاریكردووە.



PM:02:07:03/10/2018