دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستە وەزاریەکانی حکومەتی عێراق کرایەوە

دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستە وەزاریەکانی حکومەتی عێراق کرایەوە و هاوڵاتیان دەتوانن لەڕێی لینکی تایبەتەوە خۆیان کاندید بکەن.


عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی راسپێردراوی عێراق لینکێکی بۆ ئەو کەسانە دیاریکردووە کە خوازیارن خۆیان بۆ وەزیر لە کابینەی داهاتووی حکومەتی عێراق کاندیدبکەن.

لینکەکە لە کاتژمێر ٨ی بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە (٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨)وە کراوەتەوە و تا کاتژمێر چواری ئێوارەی رۆژی ١١ی ئەم مانگە کارادەبێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە دوێنێ عادل عەبدولمەهدی لە ڕاگەیەندراوێکدا دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستە وەزارییەکانی کابینەی داهاتووی حکومەتەکەی کردەوە و ئاماژەی بەوە کردووە "لەپێناو کردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستە باڵاکان لە بەردەم سەرجەم هاووڵاتییاندا لە پیاوان و ژنان، ئەوانەیان کە لە خۆیان ڕادەبینن و ئەو مەرجانەیان تێدایە کە لە دەستوردا نوسراوە، دەتوانن خۆیان کاندید بکەن.

ڕۆژی ٢ی تشرینی یەکەم عادل عەبدولمەهدی لەلایەن سەرۆک کۆماری عێراقەوە راسپێردرا بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق، بۆ ئەو مەبەستەش لەو بەروارەوە بەگوێرەی دەستور عادل عەبدولمەهدی مانگێکی لەبەردەستدایە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان سەبارەت بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق.

کلیک بکە بۆ لینکی خۆکاندیدکردن بۆ پۆستە وەزارییەکان




PM:03:59:09/10/2018