ترەمپ ئەگەری دەستلەکارکێشانەوەی وەزیرێکی حکومەتەکەی ئاشکرادەکات

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئاشکرایکرد، پێدەچێت جیم ماتیس وەزیری بەرگری حکومەتەکەی دەستلەکار بکێشێتەوە.

سەرۆکی ئەمریکا لە بەرنامەی "شەشت خولەک"ی تۆڕی هەواڵی سی بی ئێسی  وڵاتەکەی ڕایگەیاند، نازانێت ماتیس دەستلەکاردەکێشێتەوە یان نا، بەڵام پێدەچێت وازبهێنێت لە پۆستەکەی.

سەرۆکی ئەمریکا وتی "ئەزانم هەندێک لە ئەندامانی ئیدارەکەی دڵخۆش نین بە شێوازی ئیدارەدانی دۆسییە جیاجیاکان، لەو بڕوایەدام ماتیس یەکێکە لەوانە".

سەبارەت بەوەی ئایا زانیاری تەواوی هەیە لەسەر ئەوەی وەزیری بەرگری وڵاتەکەی دەستلەکاردەکێشێتەوە یان نا، ترەمپ ڕایگەیاند، نازانێت تا ئێستا هیچی پێ نەوتووە.

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، پەیوەندی لەگەڵ وەزیری بەرگری وڵاتەکی باشە، بەڵام لە ڕاستیدا مەیلی زیاتر بەلای دیموکراتەکاندایە.

وتیشی "ماتیش کەسێکی باشە، بەڵام لە هەر قۆناغێکدا بێت وازدەهێنێت، هەموان دەڕۆین، ئیتر ئەوە واشنتۆنە ئاوهایە".

لە کۆتایی وتەکانیدا ترەمپ ئەو ڕاپۆرتانەی ڕەتکردەوە کە باس لە بوونی "بێسەروبەری" دەکەن لە ئیدارەی کۆشکی سپی و ئەو هەواڵانەی بە دروستکراو ناوبرد، ڕوونیشیکردەوە ئەو هەندێک لە شتەکان دەگۆڕێت و ئەوەش مافی خۆیەتی.

ئەو وتانەی دۆناڵد ترەمپ لە کاتێکدایە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر نیکی هیلی نوێنەری وڵاتەکەی لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەستی لە پۆستەکەی کێشایەوە.



PM:06:35:14/10/2018