سۆران...گۆڕانکاری لە پێدانی کارەبای مۆلیدەدا دەکرێت

بە بڕیارێکی لیژنەی مۆلیدە ئەھلییەکان لە قایمقامیەتی سۆران، خشتەی کاتی پێدانی کارەبای مۆلیدە ئەھلییەکان بە ھاووڵاتییان، گۆڕانکاری بەسەردا دێت.

عەبدولقادر ئیسماعیل، بەرپرسی ڕاگەیاندنی قایمقامیەتی سۆران، ڕاگەیاند "لەبەرئەوەی وا بڕیارە لەمڕۆ ھەینییەوە 19/10/2018، بەرھەمھێنانی کارەبای نیشتمانی بۆ ماوەی (72) کاتژمێر لە دوو وێستگەی بەرھەمھێنانی کارەبا ڕابوەستێت، بۆ ئەم مەبەستە لە کۆبوونەوەیەکدا بە ھەماھەنگی لێژنەی مۆلیدە ئەھلییەکانی شاری سۆران، بڕیار درا کە ئەمڕۆ خشتەی پێدانی کارەبای مۆلیدە ئەھلییەکان بە ھاووڵاتییان، گۆڕانکاری بەسەردا بێت و کاتژمێرەکانی کارەبای مۆلیدە ئەھلییەکان زیاد بکرێن".

وتیشی "بەپێی ئەم خشتەیەی دیاری کراوە، دەبێت لەکاتژمێر 12ی نیوەڕۆ تا کاتژمێر 3ی ئێوارە کارەبای مۆلیدە بە ھاووڵاتییان بدرێت، ھەروەھا کاتژمێر 5ی ئێوارە تا کاتژمێر 12ی شەو، کارەبای مۆلیدە بە ھاووڵاتییان بدرێت، پێویستە خاوەن مۆلیدەکان پابەند بن بەم بڕیارە".



PM:01:46:19/10/2018