موچەی بەشێک لە موچەخۆران ڕادەگیرێت

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە لیژنەی باڵای تۆماری بایۆمەتریی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان دەستکەوتووە ھەنگاوی راگرتن و پێنەدانی مووچەی بەشێک لە مووچەخۆران دەستی پێ کردووە.

لیژنەی بایۆمەتری ئاماژەی بۆ ئەوەکرد ئێستا ئەو مینحەیەی دەدرێت بە بەشێک لە زیندانییانی سیاسی، راگیراوە. ھۆکاری راگرتنی ئەو مینحانەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە ئەو کەسانە بایۆمەتریی مووچەیان بە ھەڵە کردووە، یان ھەیە نەیکردووە

بەپێی زانیارییەکان، بارکۆدی بایۆمەتری و ناسنامەی ئەو کەسانە بۆ لیژنەی باڵای بایۆمەتری لە ئەنجوومەنی وەزیران دەنێردرێت، پاشان دوای لێکۆڵینەوە بڕیار لەسەر چارەنووسیان دەدرێت.

هاوکات لیژنەی بایۆمەتریی مووچە ئاشکرای دەکات، لە مووچەی مانگی ٨ کە لە مانگی ١١ دابەش دەکرێت، مووچەی کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان لەسەر بنەمای بایۆمەتری دابەش دەکرێت.

بۆیە ھەر وارسێکی شەھید و ئەنفال، بارکۆدی تۆماری مووچە بۆ بەڕێوبەرایەتییەکانی سەر بە وەزارەتی کاروباری شەھید و ئەنفال نەنێرێ، بەپێچەوانەوە مووچەکانیان لە مانگی داھاتوو بەپێی بڕیاری ١١١ی ئەنجوومەنی وەزیران رادەگیرێت، کە لە رۆژی ١٢/٦/٢٠١٧ دەرچووە.

بەپێی بڕیارێکی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، "ئەو مووچەخۆرانەی لە مانگەکانی پێشوودا لە لیستی سووری بایۆمەتریدا بوون و پارەشیان وەرگرتووە، پێویستە مووچەکانیان بگەڕێندرێتەوە، لە ماوەیەک کە لە ٣٠ رۆژ تێپەڕ نەکات لە رۆژی ئاگادارکردنەوەیان، بەپێچەوانەوە، رێکاری یاساییان لەبەرامبەر وەردەگیرێت".

بەپێی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران، بەشێک لەوانەی کە ئەو بڕیارە دەیانگرێتەوە، ئەو مووچەخۆرانەن کە بارکۆدی مووچەیان نییە، یان لە یەک کاتدا لە دوو شوێن مووچە وەردەگرن.

تاوەکوو ئێستا زیاتر لە یەک ملیۆن و ٢٠٢ ھەزار مووچەخۆر لە سیستەمی تۆماری بایۆمەتریی مووچەدا تۆمار کراون.



AM:09:35:23/10/2018