ڕۆژنامەنوسێکی پارتی ئامۆژگاری گۆڕان دەکات

ڕێبوار کەریم وەلی، بەڕێوەبەری پێشووی کەناڵی ڕووداو و ڕۆژنامەنوسی دیاری پارتی ئامۆژگاری بزووتنەوەی گۆڕان دەکات و دەشڵێت باشترین کار ئەوەیە لەو گردە بێنە خوارەوە.

ڕێبوار کەریم وەلی لە وتارێکیدا کە ئەمڕۆ لە ڕۆژنامەی ڕووداو بڵاویکردووەتەوە نوسویەتی بزووتنەوەی گۆڕان وەك دۆڕاوی هەڵبژاردنەكانی 30ی ئەیلول و پێش ئەویش هەڵبژاردنەكانی 12ی مایس، باجی هەڵەكانی پێشووی خۆی دەداتەوە. بزووتنەوەكە بچووك بووەتەوە و بژارەكانی بەردەمی كەمبوونەتەوە. چونكە بە درێژایی تەمەنی بەشی هەرە زۆری بژارەكانی تاقیكردووەتەوە. بەیاننامەكەی جڤاتی نیشتمانی لە 20ی ئۆكتۆبەر داننانە بە شكست و خۆشیان لە هەموو كەس باشتر دەزانن كە بۆچی دەنگدەرانیان سزایان داون. گۆڕان تا لەسەر ئەو گردە بێت، باسكردن لە روانگای ئایندەیی بۆ مانەوەی بزووتنەوەكە خەون و خەیاڵە. چونكە خودی گردەكە بووەتە چەقی ململانێ و بەرژەوەندیخوازی."

هەروەها نوسویەتی "هەر لە ناشتنی تەرمی نەوشیروان مستەفا و بەپیرۆزكردنی (كە دەرئەنجامی كێشمەكێشی میراتگرەكان بوو نەك وەسیەتی خۆی)، قۆڕپێوان و ژیان لەژێر سێبەری كاریزماوە بگرە تا دەگاتە بە بنەماڵەییكردنی بزووتنەوەكە، دەنگدەرەكانیان تووشی شۆك كرد. دەنگدەری گۆڕان ئەمڕۆ بەچاوی كۆمپانیایەك كە خۆی بە رابردووی نەوشیروان مستەفاوە هەڵواسیوە بۆ دەستخستنی پارە و ئیمتیازات سەیری بزووتنەوەكە و رابەرانی دەكات، نەك وەك بزووتنەوەیەك بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و گۆڕینی حوكمڕانی."

هەروەها بەشێک لە هۆکارەکانی ئەو دۆخەی بزووتنەوەی گۆڕان دەخاتە ئەستۆی کوڕەکانی نەوشیروان مستەفای ڕێکخەری پێشووی گۆڕان و نوسیویەتی "رەنگبێ لەوەشدا موسەبیبی سەرەكی كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا بن كە نە جورئەتی ئەوەیان تێدابوو شان بدەنە بەر بەرپرسیارێتی و نە توانیشیان چاو لە خێر و بێری میراتی باوكیان بپۆشن. ئەوان ویستیان وەك هێزێك لە دەرەوەڕا كۆنتڕۆڵی بزووتنەوەكەیان لەدەست بێت و وێرانیان كرد! ئێستا بزووتنەوەی گۆڕان ئەگەر بیەوێ لانیكەم ئەوەندەی ماویشە بیپارێزێت، دەبێ لە ژێر رەهنی میراتگرەكانی نەوشیروان مستەفا (بە تایبەتی كوڕەكانی و زاواكەی) بێتە دەرەوە و لەو گردە بێنە خوارێ و چی هەیە و نییە بەجێیبهێڵن. با ئەوێ مەزارگەی ئەبەدیی نەوشیروان مستەفا بێت، فەوج و حیمایەی بۆ دابین بكرێت كە مەزارەكەی بپارێزن و، خۆیان بێنەوە ناو خەڵك. لە خوار گردەكە دوو ژوور بەكرێ بگرن و ببنەوە بە بەشێك لەو خەڵكەی كە ئومێدیان پێ هەبوون. ئەگەر ئەوانەی ماون بەشێك نین لە بەكۆمپانیابوونی گۆڕان، دەبێ ئەوە بزانن ئەو كرێ و باجە سیاسییەی كە ئێستا لە سۆنگەی حەوانەوە لەسەر گردەكە دەیدەن، سەدان قات گرانترە لەوەی ئەگەر بیانەوێ لە داوێنی گردەكەدا درێژە بەژیان بدەن و، بە دڵنیاییشەوە لە برسان نامرن."



PM:07:30:23/10/2018