وەفدێکی حکومی سەردانی بازاڕی لەنگەی سووتاوی هەولێر دەکەن و بڕیار دەدەن، حکومەت سیستەمی کارەبا، ئاو و ئاوەڕۆ و ئاگرکوژاندنەوە بۆ بازاڕی لەنگە دابین بکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 28 ی شرینی یەکەم هەریەک لە نێچیرڤان ئەحمەد، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر لەسەر راسپاردەی نێچیرڤان بارزانی سەردانی بازاڕی لەنگەی هەولێریان کرد کە لە رۆژی 25ی تشرینی یەکەم سووتا.
نەوزاد هادی لەو سەردانەدا رووداوی راگەیاند " لەسەر بڕیاری نێچیرڤان بارزانی بەپەلە یارمەتی پێشکەشی دووکاندارەکان دەکرێت. ئەوان دووکانەکانیان نۆژەندەکەنەوە و لەسەر ئەرکی حکومەت کارەبای نیشتمانی و مووەلیدە دەبێتە یەک شەبەکە و بۆیان رێکدەخرێت، هەروەها تۆڕی ئاو و ئاوەڕۆ و بۆڕی سیستەمی ئاگرکوژێنەوە لەژێر زەوی بۆیان دروستدەکرێت و بەشێک لە کۆڵانەکانی بازاڕەکە کە سەریان دادەپۆشرێت ئەمانە هەموویان لەلایەن حکومەتەوە جێبەجێ دەکرێن".
سەبارەت بە قەرەبووکردنەوەی دووکاندارەکانیش، نەوزاد هادی دەڵێ "ئێمە لەگەڵ ئەنجوومەنەکانیان کۆدەبینەوە بۆ یارمەتیدان و پێشکەشکردنی قەرەبوو بە دووکاندارەکان". هەروەها رایگەیاند "کارەکان بە خێرایی دەکرێن، بەڵام هیچ دێدلاینێکمان نییە".
بەرەبەیانی ٢٥ تشرینی یەکەم دووکانەکانی بالای هەولێر لە کۆی ٢٥٠٠ دوکان بەنزیکی ١٢٠٠ دووکان سووتان و دووکاندارەکان زەرەرێکی زۆریان کرد.