بەهۆی کەمتەرخەمی پزیشک ژنێک لە کەرکوک لەکاتی منداڵبووندا گیانیلەدەستدا

ژنێکی کورد بە ناوی "ئیلهام" لە کاتی مناڵبووندا  لە نەخۆشخانەی ئازادی کەرکووک گیانی لەدەستدا، کەسوکارەکەشی سکاڵایان لەسەر پزیشکەکە تۆمارکردووە.

لەعلیە عەبدوڵڵا، دایکی ئیلهام رایگەیاند،" کچەکەیان بردە ژوورەوە ئوکسجینەکەیان لەسەر دەمی دانا و وتیان بڕۆ سۆنار و دەرزی بێنە".

ئەوەشی وتووە، نەیانهێشت کچەکەم ببینم تاوەکو بزانم چۆن رۆحی دەرچوو، دەمبینی چۆن هەناسەی تەواودەبێت، زۆر کەمتەرخەم و خراپن، چۆن دەرزی نییە، ئەوان پەلەی پارەکەیانبوو".

بەو تەی خانەوادەی ئیلهامی تەمەن 38 ساڵ، لەکاتی لەدایکبوونی منداڵەکەیدا پزیشکێک سووکایەتی زۆری پێکردوون و پێداگریکردووە کە تاوەکو سۆنار و دەرمانی لەدەرەوەی نەخۆشخانە بۆنەهێنن ئامادەنییە بەدەمییەوە بێت ، هۆکاری لەدەستدانی ئیلهامیش هەر بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە.

عەلی عەدنان، سەرۆکی بەشی پشکنین و سکاڵا لە فەرمانگەی تەندروستی کەرکووک بە روداوی وتووە،"لێکۆڵینەوەی کارگێڕی لەسەر ئەم پرسە هەیە،تاوەکو دەگەینە ئەنجامێک لێکۆڵینەوەکان کاتییان دەوێت".

ئەو بەرپرسەی فەرمانگەی تەندروستی کەرکووک دڵناییاشی دا لەوەی، سزای ئەو کەسانە دەدەن، کە کەمتەرخەم بوون لە پێشکەشکردنی چارەسەر بۆ نەخۆش، بەڵام کێشەمان زۆرە لە کەمی دەرمان و ئامێری پزیشکدا.

جێی ئاماژەیە دوای رووداوەکە بۆ بەدەمەوە چوونی سکاڵای خانەوادەی ئیلهام، دوو لێژنەی لێکۆڵینەوە پێکهێنراون، یەکێکیان لەهۆبەی منداڵبوونی نەخۆشخانەی ئازادی و ئەوەی دیکەش لە ئاستی فەرمانگەی تەندرووستی کەرکووک.






PM:11:51:28/10/2018