هاوپەیمانی سەرۆکێکی نوێی دیاریکرد

هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و داپەروەری کە هەر ئەمڕۆ ناوەکەی گۆڕا بۆ هاوپەیمانی نیشتیمانی دوای گەڕانەوەی سەرۆکەکەی بۆ ناو یەکێتی سەرۆکێکی نوێی دیاریکرد.

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست "سپی" کەوتووە هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی داپەروەری ئارام قادر، کە پێشتر بەرپرسی دامەزراوەی بەڕێوەبەری دەڤەرەكان بوو لەو حزبە بە سەرۆکی نوێی هاوپەیمانی و جێگرەوەی بەرهەم ساڵح هەڵبژارد.

ئارام قادر، ساڵی 1965 لە تەوێڵە لە دایكبووە، خوێندنی سەرەتایی‌و ناوەندی‌و ئامادەیی لە هەڵەبجە تەواو كردووە، لە ساڵی 1986 لە زانكۆی موسڵ لە كۆلێژی زانست، بەشی بایەلۆجی وەردەگیرێت، بەهۆی ئەوەی لەو ساڵەدا ڕێكخستنەكانی ئیخوان موسلیمین ئاشكرادەبن، واز لە زانكۆ دێنێت‌و ساڵی دواتریش دەچێتە ئێران.

ساڵی 2007 بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە كۆلێژی یاسای زانكۆی سلێمانی بەدەستهێناوەو ماستەریشی لە زانستی سیاسیدا لە بەریتانیا خوێندووە.

لە سەرەتای هەشتاكانی سەدەی ڕابردووەوە، لە ڕێكخستنەكانی ئیخوان موسلیمن، لە باڵ‌و ڕێكخستنەكەی مەلا سدیق عەبدولعەزیزەوە دێتە ناو كاری سیاسییەوە.

ساڵی 1986، ئەو كاتەی كە ئارام قادر لە زانكۆی موسڵ وەردەگیرێت، ڕێكخستنەكانی ئیخوان موسلیمن لە عێراق‌و كوردستان ئاشكرا دەبن، لەترسی ڕژێمی بەعس زانكۆ جێدەهێڵێت‌و پاش ماوەیەك خۆ حەشاردان لەهەڵەبجەو شارەزوور، دەڕوات بۆ ئێران‌و لەساڵی 1988یش بەمەبەستی كاری ڕێكخستن‌ و گرێدانەوەی دووبارەی ڕێكخستن لەگەڵ چەند كەسێكی تردا دەگەڕێتەوە بۆ كوردستانی عێراق و لەدوای ڕاپەڕینیشەوە لەنێو هێزە ئیسلامیەکاندا درێژە بە کاری سیاسی دەدات.

هەر ئەمڕۆ کاتژمێر 9:30 ده‌قیقه‌ی‌ به‌یانی‌ به‌ ئاماده‌بوونی زیاتر له‌ 300 هاودید له‌ هه‌ولێر كۆبونه‌وه‌ی گشتیی هاپه‌یمانی دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری ده‌ستی‌ پێكرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا وێڕای‌ بڕیاردان له‌ مانه‌وه‌ی‌ حزبه‌كه‌ و به‌رده‌وامبوونی‌ له‌ كاره‌كانی‌، بڕیاردرا گۆڕانکاریی لە پەیکەری ڕێکخستنی حزبەکەدا بکرێت.

بەگوێرەی ئەو هەموارەی کە لە پەیڕەوی ناوخۆدا ئەنجامدرا هاوپەیمانی سێ ئەنجومەنی دەبێت و پێکدێن لە ئەنجومەنی سیاسی و ئەنجومەنی جێبەجێکردن و ئەنجومەنی نوێنەران.

له‌ به‌شێكی‌ تری‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئاماده‌بووان بڕیاریاندا ناوی هاوپه‌یمانی دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری بگۆڕن بۆ هاوپه‌یمانی نشتیمانیی.


ئه‌م بابه‌ته ‌4940 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:03:36:09/11/2018