بۆ پشتگیری‌کردن له مانگرتن له خواردنی له‌یلا گیوڤه‌ن، له زیندان، پەرلەمانتارانی هەدەپە ویستیان له به‌رده‌م به‌ندیخانه‌ی ئامه‌د لێدوانێکی ڕۆژنامه‌وانی بده‌ن، به‌ڵام پۆلیسی تورک هێرش دەکاتە سەریان.
هاوسه‌رۆکی گشتیی کۆنگره‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی دیموکراتیک (که‌جه‌ده) و په‌رله‌مانتاری شاری جۆله‌مێرگی پارتی دیموکراتی گه‌لان (هه‌ده‌په) له‌یلا گیوڤه‌ن به‌مه‌به‌ستی ئیدانه‌کردنی گۆشه‌گیریی تووندی سه‌ر ئۆجالان، ماوه‌ی ١٠ ڕۆژه له زیندان مانی له خواردن گرتووه.
ئەمڕۆ ڕێکخستنه‌کانی هه‌ده‌په له ئامه‌د و په‌رله‌مانتارانی هه‌ده‌په بۆ ئه‌وه‌ی پشتگیری له گیوڤه‌ن بکه‌ن، ویستیان له به‌رده‌م به‌ندیخانه‌ی پیتی «ئه»ی ئامه‌د لێدوانێکی ڕۆژنامه‌وانی بده‌ن، له‌نێو چالاکییه‌که‌دا هاوسه‌رۆکی که‌جه‌ده به‌ردان ئۆزتورک، په‌رله‌مانتاران سالیحه ئایده‌نیز، ده‌رسیم دا‌غ، ڕه‌مزیه تۆسون، مووسا فارسئۆغوولاری و تووما چه‌لیک، هاوسه‌رۆکی هه‌ده‌په‌ی ئامه‌د فیلیز بوولووت ته‌کین، هاوسه‌رۆکانی ده‌به‌په (پارتی هه‌رێمه دیموکراتییه‌کان)ی ئامه‌د، ئیبراهیم چیچه‌ک و ناشیده تۆپراک ئاماده بوون، بەڵام پۆلیسی تورکیا ده‌وری بینای هه‌ده‌په‌ی گرت و ڕێگرییان کرد.
له‌نێوان په‌رله‌مانتارانی هه‌ده‌په و پۆلیسدا وتوێژی تووند هاته ئاراوه، هه‌ده‌په‌ییه‌کان ویستیان گه‌مارۆی پۆلیس بشکێنن، به‌ڵام پۆلیس به قه‌ڵغانه‌کانیان ڕێگرییان کرد، له کاتی پێکههڵپژاندا پۆلیسی تورک تووندوتیژی له به‌رانبه‌ر په‌رله‌مانتارانی به‌کارهێنا.
هه‌ده‌په‌ییه‌کان له‌ژێر گه‌مارۆی پۆلیسدا لێدوانی ڕۆژنامه‌وانییان دا، سالیحه ئایده‌نیز ڕایگه‌یاند، «ئێمه نوێنه‌ری پارتێکین که ٦ ملیۆن ده‌نگی به‌ده‌ستهێناوه، به‌ڵام پۆلیس ڕێگریمان لێ ده‌کات، ئه‌مه تاوانێکی ئاشکرایه، په‌رله‌مانتاران له‌و شاره‌دا ڕێگرییان لێ ده‌کرێت که تیایدا هه‌ڵبژێردراون، ئه‌مه له کامه ده‌وڵه‌ت، کامه حقووق و کامه ده‌ستووردا هه‌یه؟ به‌بێ ئه‌وه‌ی شه‌رم بکه‌ن دێن و باسی قانوون، حقووق و ده‌ستووری بنه‌ڕه‌تی ده‌که‌ن".