" لەبەر خاتری بارزانی، عادل عەبدولمەهدی کاندیدەکەی یەکێتی بۆ پۆستی وەزیری داد لادەبات "

بڕیارە سبەی ٢٧ تشرینی دووەم پەرلەمانی عێراق بڕیار لەسەر ناوی کاندیدی هەشت وەزارەتەکەی کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی دەدات، ناوبراو لەبەر مەسعود بارزانی ناوی کاندیدەکەی یەکێتی خالید شوانی بۆ پۆستی وەزیری داد دەسرێتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە بە سپی راگەیاند" ئەو ناوانەی ئاراستەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق محەمەد حەلبوسی کراون تا سبەی لەپەرلەمانی کوردستان بڕیاریان لەسەر بدرێت و بەمەش پێکهاتەی کابینەکەی د. عادل عەبدولمەهدی  تەواوببێت، کاندیدەکەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، خالید شوانی لەلایەن سەرۆک وەزیرانەوە سڕدراوەتەوە".

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیران لەبەر داواو خاتری مەسعود بارزانی ناوی خالید شوانی لەریزی کاندیدەکان سڕیوەتەوە.

دەربارەی هەڵوێستی فراکسیۆنی یەکێتی لە کۆبوونەوەی بەیانی پەرلەمانی عێراق، سەرچاوەکەی سپی ئاشکرای کرد کە ئەوان بایکۆت دەکەن و هەوڵی هەماهەنگی لەگەڵ فراکسیۆنەکانی تردا دەکەن بۆ شکستپێهێنانی ئەو هەنگاوە.

لە هەڵبژاردنی ئایاری ٢٠١٨ ی پەرلەمانی عێراق پارتی ٢٥ کورسی و یەکێتی ١٨ کورسیان بەدەستهێنا، پارتی ویەکێتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار ناکۆکی کەوتە نێوانیانەوە، تا ئێستا ئەو ناکۆکیانە درێژەیان هەیەو ئەمەش گێمێکی تری ئەو ناکۆکیانەیە.
 
 

PM:09:14:26/11/2018