دوا قسەكانی خاشقچی لە تۆمارە دەنگیەكەدا بڵاوكرایەوە

كەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریكی ووردەكاری ئەو تۆمارە دەنگیە بڵاودەكاتەوە كە دوا ساتەكانی كوشتنی خاشقچی تیادا تۆمار كراوە و لەو تۆمارەدا خاشقچی دەڵێت ""ناتوانم هەناسە بدەم"

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست كەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریكی كەوتووە، لە تۆمارە دەنگییەكاندا جەمال خاشقچی بەرلە كوشتنی لە كونسڵخانەی وڵاتەكەی لە ئەستەنبوڵ وتویەتی "ناتوانم هەناسە بدەم".

هەربەپێی زانیارییەكانی ئەو كەناڵە كوشتنی خاشقچی بە شێوەیەكی بێبەرنامە‌ نەبووە و پێشتر پلانی بۆ دانراوە و خاشقچیش بەرامبەر ئەوانە وەستاوەتەوە كە ویستوویانە بیكوژن.

بەپێی ئەو تۆمارە دەنگیانەی لە دواساتەكانی خاشقچیدا تۆماركراوە، دوای كوشتنی جەستەكەی  بە مشار پارچەپارچە كراوە و پێشنیاز بۆ ئەنجامدەرانی ئەو كارە كراوە لە كاتی پارچەپارچەكردنی جەستەی خاشقچی-دا گوێ لە میوزیك بگرن.

لە هەواڵەكەدا باس لەوە كراوە كە لە تۆمارە دەنگییەكاندا دەردەكەوێت دوای كوشتنی خاشقچی‌، ژمارەیەك پەیوەندی لە نێوان كونسڵخانەی سعودییە لە ئەستەنبوڵ و بەرپرسانی ریاز ئەنجامدراوە، و بەرپرسانی ریاز لە وردەكاری كارەكان ئاگاداركراوەتەوە.

ڕۆژی دووی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ دوای چوونە ژوورەوەی بۆ ناو كونسوڵخانەی سعودیە لە ئیستەنبوڵ، جەمال خاشقچی ڕۆژنامەنوسی دیاری سعودییە بێسەروشوێنبوو، دوای ٤٠ رۆژیش سەرۆكایەتی داواكاری گشتی سعودیە ڕایگەیاند "خاشقچی لە ناو كونسوڵخانەی وڵاتەكەیدا لە ئیستەنبوڵ كوژراوە و تەرمەكەی پارچەپارچەكراوە".



PM:12:13:10/12/2018