سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان رۆژنامەنووسان ئاگاداردەکاتەوە

لقی سلێمانی سەندیكای‌ رۆژنامەنووسانی كوردستان رایگەیاند، ماوەیەكە كەیسی رۆژنامەنووسان ئەوەندە زۆر بوون خەریكە فریای بەهاناوە چوونیان ناكەون، داواش لە رۆژنامەنووسان دەكات تا یاسایەیەك یان رێنمایی تایبەت بە تۆڕە كۆمەڵایەتیەیكان دەردەچێت خۆیان بپارێزن.

لە روونكردنەوەیەكدا کە وێنەیەکی دەست سپی" کەوتووە، تیایدا كاروان ئەنوەر، سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان ئاماژە بەوەدەکات "چەندین جارە كە رۆژنامەنووسەكانی سنووری لقەكەمان لەرێگەی پۆست و بڵاوكردنەوەی بۆچوونەكانیان لە رێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانەوە، بەیاسای ژمارە 6ی ساڵی 2008 یان ماددەو بڕگەكانی تری یاساكانی عیراق دادگایی دەكرێن و بەتایبەت ماددەی دووەمی مۆبایل كە دەستگیركردن و دەستبەسەركردنی تیادایە و دادوەرەكان بە پەیرەوكردنی بڕگەو ماددەكانی ئەم یاسایە لەهەندێك حاڵەتدا كار دەكەن".

دەقی روونكردنەوەكە:

روونكردنەوەیەك لە سكرتێری لقی سلێمانی
سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان ەوە
چەندین جارە كە رۆژنامەنووسەكانی سنووری لقەكەمان لەرێگەی پۆست و بڵاوكردنەوەی بۆچوونەكانیان لەرێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانەوە، بەیاسای ژمارە 6 ی ساڵی 2008 یان ماددەو بڕگەكانی تری یاساكانی عیراق دادگایی دەكرێن و بەتایبەت ماددەی دوەمی مۆبایل كە دەستگیر كردن و دەستبەسەركردنی تێدایە و دادوەرە بەڕێزەكان بە پەیرەوكردنی بڕگەو ماددەكانی ئەم یاسایە لەهەندێك حاڵەتدا كار دەكەن..
كێشەی رۆژنامەنووس بەرهەم ساڵح كە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك پۆستێكی لەسەر نەخۆشخانەی بەخشین بڵاوكردبوەوە و پاشان سڕیبوویەیوە، بەڵام پارێزەرانی نەخۆشخانەكە بەیاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرە ئەلكترۆنیەكان سكاڵایان لەسەر تۆمار كردبوو كە لە راستیشدا وایەو لە یاسای ژمارە 35 ساڵی 2007 بەهیچ جۆرێك باس لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان نەكراوە، بۆیە دادگاكان بە ناچاری پەنا بۆ یاسایەك دەبەن كە پەیوەست نیە بە میدیاو میدیاكاران..
ئەمڕۆ سێشەممە 11/12 لەگەڵ نوێنەری یاسایی لقەكەمان پارێزەر شیلان عەزیز سەردانی بنكەكانی پۆلیس و دادوەری بەڕێزمان كردو لە بنەمای كێشەكەیان كۆڵیەوە كە بەرهەم ساڵح راستە لە فەیسبووك نووسینی بڵاوكردوەتەوە بەڵام لەبەر ئەوەی :
یەكەم/ رۆژنامەنووسە و كاری رۆژنامەنووسی دەكات
دوەم/لە وردەكاری یاساو شێواز و رێساكانی یاسا بەركارەكان شارەزا نەبوە..
بۆیە هیوادارین تەنها یاساكەیمان بۆ بگۆڕن بە یاسای كاری رۆژنامەنووسی و بەكەفالەت بتوانین لە گرتن و گواستنەوە بیهێنینە دەرەوە ئەگینا دەبێت تا رۆژی 17 ی مانگ واتە یەك شەممەی داهاتوو لە زیندان بمێنێتەوە..
بە سوپاسەوە دادوەری بەڕێز بە سۆزو بەزەیی خۆی گوێی بۆ داواكاری پارێزەرو سكرتێری لقق گرتو وەك رۆژنامەنووسێك بەرهەم ساڵح ی ناوبرد و ماددەكەی بۆ كردەوە بە رۆژنامەگەری.. بۆیە عەسری ئەمڕۆ بە كەفالەت ئازاد كراو گەڕایەوە ناو ماڵ و منداڵی خۆی..
بەداخەوە هەر ئەم ئێوارەیە هەواڵی دەستگیركردنی رۆژنامەنووسێكی ترمان پێگەیشت بەناوی بەرزان ئەیوب كە لەسەر پۆستێكی تری تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان دەستگیر كراوە بەڵام هێشتا نەچووینەتە ناو وردەكاری كێشەكەوە تا بزانین وردەكاریەكان چین..
لەسەروبەندی ئەم كەیسەو كەیسی پێشوومان و ئەوانەش كەلەداهاتوودا هاوشێوەن، چەند داوایەك لە رۆژنامەنووسە بەڕێزەكانمان دەكەین بەهیواین رەچاویان بكەن، تا ئێوەش و ئێمەش بتوانین كارەكان لەچوارچێوەی یاسادا چارەسەر بكەین:-
1- تا یاسایەیەك یان رێنمایی تایبەت بە تۆڕە كۆمەڵایەتیەیكان دەردەچێت، هیوادارین كەناڵە رەسمیە مۆڵەتدارەكان بەكار بهێنن بۆ گەیاندنی بیرو بۆچوونەكانتان نەك تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان.
2- بۆ ئەندامانی لقەكەمان و ئەو رۆژنامەنووسانەش كە كاری میدیا دەكەن و ئەندام نین، ئەگەر كەیسەكانتان پەیوەست بوو بە كاری میدیاییەوە تكایە سەندیكاو نوێنەری یاساییمان ئاگادار بكەنەوە تا لە وردەكاریی ئاگادار بین و كەیسەكانتان لەناو بنكەكانی پۆلیس و دادگاكاندا چارەسەر ببن..
3-ئەركی سەرشانمانە بەرگری لە رۆژنامەنووسان بكەین لەچوارچێوەی یاساو رێساكاندا، بەڵام بەداخەوە هەندێك كەناڵ و كەسو لایەن، ئەو كەیسانەی ئێوە دەقۆزنەوەو بە لا ڕێدا دەیانبەن بەمەبەستی تایبەتیی خۆیان، هاوكات كارەكەی ئێمەو كێشەكانی ئێوەش ئاڵۆزتر دەكەن..
4-كە ئەندامێكمان دەستگیر دەكرێت پێویستە هەوڵ بۆ ئازادكردنی بدەین لەچوارچێوەی یاسادا، نەك بە دەركردنی بەیاننامەو دیداری میدیاییو بەلارێدا بردنی كەیسەكان، هاوكات بەناوی رەخنەو بەیاننامەوە هێرش بكرێتە سەر ئەم لایەن و ئەو لایەن، یان دادگاو بنكەكانی پۆلیس تۆمیتبار بكەن (ئەوەش بەمەبەستی تایبەتی خۆیان)..
5-داواكارین ئەندامان و رۆژنامەنووسانمان هەردوو یاسای كاری رۆژنامەنووسی و یاسای بەدەستهێنانی زانیاری بخوێننەوە (بۆ ئەوانەی كە نەیانخوێندوەتەوە) تا لە بڵاوكردنەوەی بابەتەكاندا دووچاری ئەو حاڵەتانە نەبن وەك ئەوانەی لەم چەند هەفتەیەی رابردوودا روویاندا.. 
6-ماوەیەكە كەیسەكانتان ئەوەندە زۆر بوون وەختە بڵێم خەریكە فریای بەهاناوە چوونتان ناكەوین، چونكە لقی سلێمانی تەنها یەك پارێزەری خۆبەخشی هەیە كە نوێنەری یاسایی لقمان دەكات، ئەگەر كار وا بڕوات دەبێت رێگاچارەیەكی تر بدۆزینەوە..
7-بەمافی خۆمانی دەزانین بەناوی هەموومانەوە سوپاسی خوشكی پارێزەرمان شیلان عەزیز رەفیق بكەین كە زیاتر لە پێنج ساڵە خۆبەخشانە نوێنەرایەتی لقمان دەكات و سەركەوتوانە كارەكانتان بۆ بەرێوە دەبات بەبێ هیچ بەرامبەرێك..

هیوادارین هەموو لایەك ساغ و سەلامەت بن
كاروان ئەنوەر
سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان



PM:03:15:12/12/2018