وەزارەتی دارایی رێنومایی بۆ دانانی گرێبەستەکان دەرکرد


وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند ڕێنمایەکی نوێی بۆ شوێنی دانانی فەرمانبەرانی گرێبەست دەرکرد.

لەو راگەیاندنەدا کە دانەیەکی دەست " سپی " کەوتووە، تیایدا هاتووە " لەکاتی دامەزراندنی فەرمانبەرێکی گرێبەست لە شوێنی فەرمانبەرێکی تر پێویستە هەمان بڕوانامە و پسپۆڕیەتی هەبێت".

لەو نوسراوەدا کە واژۆی ڕێباز حەملان وەزیری دارایی و ئابوری لەسەرە ئاماژەی بەوە کردووە، فەرمانبەری گرێبەست لەکاتی داواکردنی پێداویستی فەرمانگەکاندا دادەمەزرێن.

ڕونیشیکردووەتەوە، ئەو کەسەی بە گرێبەست دادەمەزرێت لە شوێنی فەرمانبەرێکی تر پێویستە ئەو ساڵە دابمەزرێت کە فەرمانبەرەکە فەسڵکراوە.

باسی لەوەش کردووە، "پێویستە وێنەی نوسراوی ئەو فەرمانبەرە لەکارلادراوە هاوپێچی نوسراوی ئەو کەسە بکرێت کە دادەمەزرێت بە گرێبەست."

ئەوەشی خستووەتەڕوو، پێویستە ئەو کەسەی کە دادەمەزرێت هەمان بڕوانامە و پسپۆڕیەتی فەرمانبەرەکەی هەبێت و لە نوسراوی فەرمیدا ئاماژە بە بڕوانامە و پسپۆڕی هەردوولا بکرێت.

لە ساڵی ٢٠١٢ بە بڕیارێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان فەرمانبەری گرێبەست لە دامودەزگا حکومییەکانی هەرێمدا دامەزرا و بەپێی ئامارەکان، زیاتر لە ٣٠ هەزار فەرمانبەری گرێبەست هەیە. 




PM:05:14:15/12/2018