ترەمپ بە فەرمی کشانەوەی هێزی ئەمریکای لە رۆژئاوای کوردستان راگەیاند

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پاش سەرکەوتنیان بەسەر رێکخراوی داعشدا لە سوریا، کاتی ئەوە هاتووە هێزەکانیان بکشێننەوە.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا لەبەردەم کۆشکی سپی رایگەیاند، "بۆماوەیەکی زۆرە لە سوریا شەڕی دژ بە داعش دەکەین و نزیکی دوو ساڵە من سەرۆکی ئەمریکام و هەنگاوی باشم هاویشتووە، ئێمەش یەکەم وڵات بووین کە شەڕی دژ بە داعشمان دەستپێکرد".

وتیشی، بەخراپترین شێوە داعشیان تێکشکاندووە و سەرجەم ئەو ناوچانەیان کۆنتڕۆلکردووەتەوە کە پێشتر لەژێر دەستی چەکدارانی ئەو رێکخراوەدا بوو، بۆیە کاتی ئەوە هاتووە هێزەکانی ئەمریکا بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان.

دۆناڵد ترەمپ لەبارەی سەربازانی وڵاتەکەیەوە ئاماژەی بەوەشکرد،  گەلی ئەمریکا و سەرجەم گەلانی جیهان شانازییان پێوەدەکەن، بەڵام گومان لەوەدا نیە کە هەستی بە ئازارێکی زۆر کردووە کاتێک یەکێک لەو سەربازانە لە شەڕی دژ بە داعشدا کوژراوە و دواتر بە نامەیەک کەسوکار و بنەماڵەکەی لە کوشتنی رۆڵەکەیان ئاگادار کردووەتەوە.



AM:09:10:20/12/2018