ترس سیمای هاوڵاتیانی داپۆشییوە
جەنگ.. هەژاری.. ئازار.. مانشێتی ژیانی هاونیشتیمانیانی کۆبانێیە

ترسێکی گەورە دەبینرێت لە سیمایاندا.. ترسی گەڕانەوەی جەنگ و مردن بۆ شارەکەیان، ئەو شارەی داعش نەیتوانی بیبەزێنێت لە بەردەم هەڕەشەدایە.

جارێکی دیکە باکوی سوریا لەم ساڵدا لە بەردەم هەڕەشەدایە، ئەوانەی لێرە دەژین، جەنگ و هەژاری مانشێتی ژیانیانە، زۆرێکیش لەوانەی لە ئەوروپا دەژین نایانەوێت ئەوە ببیستن کە لە ناوچەکانی جەنگدا دەگوزەرێت، بەڵام هێشتا سوورییەکان دەجنگن لە پێناو ئازادی و دیموکراتی بۆ وڵاتەکەیان.


ترس کۆبانێی تەنیوە

ئەو شارەی مەرگ باوەشی بۆ کردەوە و ئەو ژیا، جارێکی دیکە لە بەردەم هەڕەشەدایە،هاوڵاتیانی ڕۆژئاوای کوردستان دەستیان لەسەر دڵیانە، لە دەموچاویاندا بێ هیوایی دەبینرێت، دەترسن جارێکی دیکە تەنها ببنەوە، ئەمە گەر نەشیڵێن قسەکانیانە بە بێ دەنگی.

یەکێک لەوانەی کە پزیشکی نەشتەرکارە لە ڕۆژئاوا لەبەر سەلامەتی خۆی و خێزانەکەی ناوەکەی ئاشکرا نەکراوە دەڵێت "لێرە لە کۆبانێ لەدایکبووین، ترس و هەژاری و مەرگ بەشێکە لە ژیانمان".

هەروەها دەڵێت ئێمە زۆر نا دڵنیاین، هەموو ڕۆژێک کە تێدەپەڕێت دەپرسین سبەی چی ڕوودەدات.


ڕۆحی ئازادی

کۆبانی شارێکە کە تێیدا پڕۆسەی بەشداریکردنی هاوڵاتیان لە بڕیاردا تێیدا بەڕێوەدەچێت، لەم شارەدا ڕۆحی ئازادی هەیە، لێرە پێکەوە ژیانی پێکهاتە جیاواز و ئاینزا جیاوازەکان دەبینرێت، ئەوە سەرسوڕهێنەرە ئەو وزەیەیە کە لە پێناو دروستکردنەوەی شارەکەدا هەیە، لەوێ خانووی نوێ و نەخۆشخانەی نوێ و شێوازی فێربوونی نوێ دەبینرێت، لەوێ شوێنی تایبەت هەیە بە بەخێوکردنی ئەو منداڵانەی باوکیان لەدەستداوە.

 ئەو شارە بە ڕەمزی بەرەنگاربوونەوەی "دەوڵەتی ئیسلامی" و تیرۆر ناسراوە کاتێک خەڵکی شارەکە لە پایزی 2014دا ڕووبەڕووی دڕندایەتی داعش بوونەوە و لە کانونی دووەمی 2015دا بە تەواوی ئازادیان کرد.


هەڕەشەی ئەردۆغان

ڕاستەوخۆ لە سنوری تورکیا هاوڵاتیان ڕووبەڕووی هەڕەشەی سەربازی بوونەتەوە لە لایەن سەرۆکی تورکیا کە بانگەشەی دیموکراتی دەکات، رەجەب تەیب ئەردۆغان، هەروەها چەندین جار هەڕەشەی لە بەرگریکارانی کورد و عەرەب کردووە کە دژی داعش وەستاونەتەوە.

ئەو پزیشکە نەشتەرکارە دەڵێت کە ئەوان دڵنیانین لەوەی ئەردۆغان ئەو پەنابەرە عەرەبانە بەکارناهێنێت کە لە ناوچەکانی دیکەوە هاتوون و نایانگەڕێنێتەوە بۆ ئەو ناوچانەی بە دەست خۆیەوەیەتی لە ڕۆژئاوا.

ڕوونیشی دەکاتەوە ئەردۆغان ڕووبەڕووبونەوەی تیرۆری بەلاوە گرنگ نییە، ئەو کەسێکی نەرجسیە و دەوێت ڕۆڵی ئیقلیمی تورکیا زیاد بکات بە تایبەت بە لەناوبردنی گەلی کورد.


ئەوروپا بێ دەنگە

ئەگەرچی هەموان پێیان وایە کە ئەوروپا دیموکرای و ئازادە. بەڵام ئەوان بێدەنگن کاتێک هاوپەیمانەکەیان لە ناتۆ تاوانی جەنگ ئەنجام دەدات و ئەوەش دەبێتە هۆی ئاوارەبونی زیاتری خەڵک بۆ ئەوروپا.

نوسەری ئاژانسی دۆچەڤێلای ئەڵمانی کە ئەم ڕاپۆرتەی نوسیوە دەڵێت، ئێمە ناسنامەی تایبەتی خۆمان لە یاد کردووە کە ئەوروپایەکی ئازادە، کە نە پێکەوەژیان و ڕزگرتن لە مافەکانی ئینسان ناسراوە، دەبێت ئێستا بپرسین ئەوە کرۆکی ئەوروپای دیموکراتە؟ کە گوێنەداتە خنکانی هاوڵاتیان لە دەریای سپی ناوەڕاست و داخستنی سنوورەکان لەو کەسانەی لە ناوچەکانی شەڕ هەڵدێن و پێویستیان بە هاوکارییە، هەروەها بێدەنگ بین لە بەرامبەر هێرشێکی ناڕەوای وڵاتێک بۆ هاوڵاتیان کە تاوانی جەنگ ئەنجام دەدات،  لە کۆبانی پێیان وتم :مێژووی نەهامەتی کوردەکان هەموو 20 بۆ 25 ساڵێک دوبارە دەبێتەوە" ئایا ناکریت بانگێشتی هەموان بکرێت تا بە شێوەیەکی ئاشتی پێکەوە بژین و ئەم کارەساتە مرۆییە ڕابگیرێت!


ئه‌م بابه‌ته ‌2054 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:03:48:23/12/2018