حکومەتی عێراق لەسەر سەردانەکەی ترەمپ روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا هۆكاری رێكنەخستنی پێشوازی فەرمیی بۆ سەردانەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكان رووندەکاتەوە.

لە راگەیەندراوێکدا نووسینگەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەبارەی سەردانەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكان رایگەیاند، ئەمریكا دەسەڵاتەكانی عێراقی ئاگاداركردەوە لەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا خوازیارە شەوی 26ی كانوونی یەكەم بەمەبەستی پیرۆزباییكردن لە حكومەتی نوێی عێراق و سەردانی سەربازە ئەمریكییەكان سەردانی عێراق بكات و، حكومەتی عێراقیش پێشوازی لەو داواكارییە كرد.

ئەوەشهاتووە، "بڕیاربوو پێشوازی فەرمی رێكبخرێت و دیداریش لە نێوان عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران و سەرۆكی ئەمریكا بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی جیاوازی بیروڕا لەسەر شێوازی رێكخستنی دیدارەكە، تەنیا پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەنێوانیاندا ئەنجام درا".

نووسینگەکە لەبارەی ناوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفونیەکەی نێوان ترەمپ و سەرۆکوەزیرانەوە ئەوەشی خستەڕوو "کە باسیان لە دوایین گۆڕانكارییەكان کردووە، بەتایبەتیش دوای بڕیارەكەی سەرۆكی ئەمریكا بۆ كشانەوە لە سوریا و هاریكاری هاوبەش بۆ بەگژداچوونەوەی داعش و فەراهەمكردنی ئاسایش و سەقامگیری بۆ گەل و وڵاتانی ناوچەكە.

هەروەها سەرۆك وەزیرانی عێراق ترەمپی بانگهێشتكردووە بۆ سەردانی بەغدا و ئەویش داوایلێكردووە كە سەردانی واشنتۆن بكات.هەردوولاش لەسەر پتەوكردنی پەیوەندییەكانی عێراق و ئەمریكا رێككەوتن.

شەوی رابردوو كۆشكی سپی رایگەیاند دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا و میلانیای خانمی یەكەم بەمەبەستی بەسەركردنەوەی هێزەكانی وڵاتەكەیان سەردانی عێراقییان كردووە، ئەوەش بەمەبەستی گه‌یاندنى سوپاسگوزاریى بووه‌ به‌ هێزه‌كانى ئه‌مریكاى ناو عێراق به‌رامبه‌ر خزمه‌ت و سه‌ركه‌وتنه‌كانیان و قوربانیدانه‌كانیان و ئومێدخواستنى بۆ ئه‌وه‌ى جه‌ژنێكى ئاسووده‌ به‌سه‌ربه‌رن.


AM:09:05:27/12/2018