لەسەر ناردنی سێ مووچە لەبەغداوە بۆ مووچەخۆرانی هەرێم روونکردنەوە

ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی ناردنی سێ‌ مووچەی كۆتایی ساڵی 2018ی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە روونکردنەوە دەدات و دووپاتی دەكاتەوە کە تا ئێستە هەوڵەكان بەو ئاراستەیەن كە سێ‌ مووچەی فەرمانبەران لە بەغداوە ڕەوانە بكرێ‌.

مەیادە نەجار ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەمڕۆ ٥ ی کانوونی دووەم بەماڵپەڕی "وشە"ی ڕاگەیاندووە " تا ئێستە هەوڵ و گفتوگۆ زۆرە بۆ ئەوەی لەلایەن بەغداوە سێ‌ مووچەی كۆتایی ساڵی 2018 بنێردرێ‌، بەڵام هێشتا بەتەواوی بڕیاری لێ‌ نەدراوە".

ئەو پەرلەمانتارە ڕوونیشی كردۆتەوەە " ناردنی ئەو پارەیە پێویستی بە بڕیاری كۆتایی لەلایەن بەغداوە هەیە و بۆ ئەوەیش دەبێ‌ میكانیزمی ناردنی پارەكە لەلایەن بەغدا و هەرێمەوە بەپێی ڕێككەوتنێكی نوێ‌ رێك بخرێ، پێشبینی دەكرێ‌ لە داهاتوویەكی نزیك ئەوە یەكلا بكرێتەوە".

ئەو لێدوانە لەکاتێکدا کە لە کۆتا مانگی ساڵی ٢٠١٨  هەندێک لە میدیای حیزبەکان لە زاری بەرپرسانی کورد لەبەغداوە ئاماژەیان بۆ ئەوە کرد مانگی کانوونی دووەمی ٢٠١٩ بەغدا سێ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەنێرێت. 



PM:07:05:05/01/2019