فراکسیۆنی گۆڕان‌و پارتی کۆدەبنەوە

دوای دوو خوول لە ئۆپۆزسیۆن و بەرهەڵستکاری ئەمڕۆ ٢٣ ی کانوونی دووەم فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان و فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوە.

دەربارەی ئەو کۆبوونەوەیە هەورامی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (فەیسبوك) نووسیویەتی "دیدارێکی دۆستانەمان لەگەڵ ئەندامی خانەی راپەراندن و سەرۆک و ژمارەیەک لە ئەندامانی فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان ئەنجام دا".

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوە داوە كە ئەمڕۆ فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، لەگەڵ ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی فراكسیۆنەكە، پێشوازی و دیدارێکی دۆستانەیان هەبووە لەگەڵ ئەندامی خانەی راپەراندنی بزوتنەوەی گۆڕان و سەرۆک و ئەندامانی فراکسیۆنەکەیان لە پەرلەمانی کوردستان.

هێمن هەورامی سوپاسی سەردانەکەی گۆڕانی كردووە و جەختی لەوە کردەوە کە فراکسیۆنی پارتی وەک گەورەترین فراکسیۆنی ناو پەرلەمان، خوازیاری پەیوەندییەکی دۆستانەی پەرلەمانییە لەگەڵ تێكڕای فراکسیۆنەكانی دیکە بە ئامانجی چاکسازی هەمەلایەنە و بەهێزترکردنی رۆڵی پەرلەمانی کوردستان.



PM:08:44:23/01/2019