ئوسترالیا پشتیوانی خوان گوایدۆ دەکات

وەزیری دەرەوەی ئوسترالیا رایگەیاند کە وڵاتەکەی خوان گوایدۆ، سەرۆکی پەرلەمانی ڤەنزوێلا بە سەرۆکی کاتیی ئەو وڵاتە دەناسێنێت تا ئەوکاتەی هەڵبژاردن دەکرێت.

وەزیری دەرەوەی ئوسترالیا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە کە ئوسترالیا پشتیوانی خوان گوایدۆ، سەرۆکی کۆمەڵەی نیشتمانی ڤەنزوێلا دەکات بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی ئەو وڵاتە بەشێوەیەکی کاتیی، ئەوەش بەپێی دەستوری ڤەنزوێلا.

هەروەها داواشدەکات کە سەرجەم لایەنەکان چارەسەری قەیرانەکە بکەن بەشێوەیەکی ئاشتییانە و دیموکراتی بگەڕێننەوە و رێز بۆ سەروەری و یاسا و پشتیوانی مافەکانی مرۆڤیش دەستەبەر بکەن.

چوارشەممەی پێشوو گردبونەوە و خۆپیشاندان لە کاراکاسی پایتەختی ڤەنزوێلا دژی نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا دەستیپێکرد، لە هەمان رۆژدا خوان گوایدۆ، سەرۆکی پەرلەمانی ڤەنزوێلا رایگەیاند کە بەشێوەیەکی کاتیی بووەتە سەرۆکی وڵات.

هەریەکە لە وڵاتانی ئەمریکا، بەرازیل، کەنەدا ئەرجەنتین، چیلی، کۆڵۆمبیا، کۆستاریکا، گواتیمالا، هندۆراس، پەنەما، پاراگوای، پیرۆ، جۆرجیا، ئەلبانیا و چەند دەوڵەتێکی دیکە بە رەسمی سەرۆکی نوێی ڤەنزوێلایان ناساند بەشێوەیەکی کاتیی.

هەروەها لە بەرامبەردا وڵاتانی روسیا، چین و تورکیا و چەند دەوڵەتێکی دیکەش سەرۆکە نوێیەکەیان رەتکردەوە و پشتیوانی مادۆرۆ دەکەن.


PM:04:49:28/01/2019