خەزعەلی ھەڕەشەی توند لە ئەمریکا و ئیسرائیل دەکات

شێخ قەیس خەزعەلی سەرۆكی رێكخراوی عەسائیب ئەهل حەق، كە بەشێكی سەرەكی هێزەكانی حەشدی شەعبی پێكدەهێنێت، ھەڕەشە لە ئەمریکا و ئیسرائیل دەکات و بە توندی دژی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەوەستێتەوە.

بەگوێرەی ئاژانسی "ئەسۆشیتد پرێس"ی ئەمریکی لە زاری قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی عەسائیب ئەھلولحەق، بڵاویکردەوە "دوای سەرکەوتن بەسەر داعش، ھیچ بیانوویەک بۆ مانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لەسەر خاکی عێراق، نەماوەتەوە ".

خەزعەلی پێی وایە، لە پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە وڵاتەکەی دەدرێت و ،لەئەگەری پابەند نەبونیشیان ە بڕیاری پەرلەمانەوە ھەڕەشەی دەرکردنی ھێزەکانی ئەمریکای بە چەک کرد و وتی، "گەر ئەمریکا بوونی خۆی لەعێراق بەزۆر بسپەێنێت و دەستوور و پەرلەمان پێشێل بکات، ئەوکات حکوومەتی فیدڕاڵیش دەتوانێت بەھەمان شێوە بە ھێزەوە، ئەمریکا بکاتە دەرەوە".

خەزعەلی ئەوەشی وتووە، لە ئێستادا عێراق پێویستی بە ھێزەکانی ئەمریکا و ھێزە تایبەتەکانی نەماوە، کە دەکرێت گرووپێکی بچووکی ڕاوێژکار و ڕاھێنەر بمێننەوە و لیژنەیەکی ھاوبەش ژمارەکەیان دیاری بکات.

 ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی عەسائیب ئەھلوحەق، کە خاوەن گرووپێکی چەکدارییە لە چوارچێوەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و بزووتنەوەکەی بە نزیک لە ئێران دادەنرێت ئاماژەی بەوەشکردووە"ئاسایشی ئیسرائیل بەشێکە لە ئاسایشی ئەمریکا، ھەر بۆیە بوونی ئەمریکا لە عێراق و سووریا بۆ شەڕی داعش نییە، بەڵکو بۆ پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیلە، ئەمەش بەدی نایەت گەر ئاسایشی ناوچەکە تێکنەچێت، واشنتۆن بۆ ئەو ئامانجە دەیەوێت لە سووریا بکشێتەوە و لەعێراق بمێنێتەوە".

هەروەها خەزعەلی ھەڕەشەی لە ئیسرائیل کرد و وتی "ئەگەر ئیسرائیل بۆردوومانی ھەر ئامانجێک لەناو عێراق بکات، ئەوکات عێراق وەڵام دەداتەوە و ئێمەش وەڵامی خۆمانمان دەبێت".


PM:08:35:28/01/2019