یەکێتی هیچ رێککەوتنێکی لەگەڵ کۆمەڵی ئیسلامی نییە

یەکێتی نیشتمانی لەسەر ئەو هەواڵە رۆژنامەوانیانەی ئاماژەی بۆ ئەوە دەکرد کە رێکەوتنیان لەگەڵ کۆمەڵ هەیە، روونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوەو بە ناڕاستەوخۆ باس لەوە دەکات کە هیچ رێککەوتنێکی لەگەڵ کۆمەڵی ئیسلامی و عەلی باپیری ئەمیری ئەو حیزبەدا نییە.

لەو روونکردنەوەیەدا نوسینگەی وتەبێژی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات " لە ڕۆژنامەیەک و هەندێ ماڵپەرەوە هەواڵێک لەبارەی کۆبونەوەیەکی نا ڕەسمی مامۆستا عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی لەگەڵ کاک کۆسرەت و مەکتەبی سیاسی یەکێتی بڵاوکراوەتەوە کە تێدا هەندێ قسەش بەناوی کاک سەعدی پیرە هەڵبەستراوە. بۆ هەموولایەکی ڕادەگەیەنین سەرلەبەری زانیاری ناو هەواڵەکە دوورە لەڕاستیەوەو هەڵبەستراوە".

 نوسینگەی وتەبێژی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەشڵێت" هەندێک میدیای نابەرپرسیار بۆ جەواشەکردنی خەڵک و تێکدانی پەیوەندی لایەنەکان بڵاوی دەکەنەوە. یەکێتی پەرۆشی پەرەپێدانی پەیوەندی دۆستانەیە لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسیەکان. بەڕێز مامۆستا عەلی باپیر و کۆمەڵی ئیسلامی رێزگیراون لای یەکێتی و هەر کۆبونەوەو لێدوانێک هەبێ بەرەسمی بڵاوی دەکەینەوەو پێویست بە میدیای جەواشەکارو نابەرپرسیار هەواڵی ناڕاست بڵاوبکەنەوە".

ئەوە لە کاتێکدا هەڵوێستی پارتی لەم خوولەی پێکهنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم تا ئێستا بەو ئاراستەیەیە کە کۆمەڵ بەشداری پێنەکات لە کابینەی نوێ دا.



PM:03:24:30/01/2019