ڕێککەوتنێکی نهێنی لەنێوان بارزانی و عادل عەبدولمەهدی ئاشکرا دەبێت

لەدوای سەردانی مەسعود بارزانی بۆ بەغدادو کۆبوونەوەی لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی و سەرکردە عێراقییەکانی تر قۆناغ بە قۆناغ، ناوەرۆکی ئەو رێککەوتنە ئاشکرا دەبێت کە لەنێوان بارزانی و د.عادل عەبدولمەهدی دا ئەنجامدراوە، سپی ناوەرۆکەکەی بلآودەکاتەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە دوای ئەو سەردانە لە رێگای فواد حسین وەزیری دارایی ئەو گفتوگۆیەو دۆزینەوەی میکانیزم بۆ جێبەجێکردنی بەردەوام بووە، رێککەوتنەکەش لەسەر سێ پرسی سەرەکی بووە.

سپی زانیوویەتی لەسەر ناوچە جێناکۆکەکان هەردوولا رێککەوتوون کە دۆخەکە ئاسایی بکرێتەوە، ئەو هێزانەی لە ١٦ ی ئۆکتۆبەر ٢٠١٧ ەوە هێنراونەتە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان بگەڕێنرێنەوە شوێنی خۆیان و ناوچە جێناکۆکەکان چۆڵبکەن و لە جیاتی ئەو هێزانە پشت بە پۆلیسی ناوچەکەو پۆلیسی فیدراڵی و سووپای عێراق ببەسترێت و بارەگاکانی پارتی بەگەڕێنەوە، هاوکات ئیدارەی شارەکەش ئاسایی بێتەوە.

لە چوارچێوەی ئەو زانیاریانەدا، سپی زانیوویەتی دۆخی کەرکوک لە رووی ئەمنیەوە، ناو شارەکە دەسپێردرێت بە لیوای ٦١ ی سەر بە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، هەرچی ناوچەکانی دەرەوەی کەرکوکە لەوانە رۆژئاواو باشووری شارەکە دەسپێردرێت بە سوپای عێراق و پۆلیسی فیدراڵی، رۆژهەلآت و باکوری کەرکوکیش ( قەرەهەنجیر )و ناوچەکانی تر دەسپێردرێت بە هێزی پێشمەرگە، بەلآم هەموو ئەم هەنگاوانە دوای پاشکەشی حەشدی شەعبی و هێزەکانی دژە تیرۆری عێراق ئەنجام دەدرێت.

دەربارەی پرسی نەوت و بودجە، هەولێر و بەغدا رێککەوتوون بۆ ساڵی ٢٠١٩ جۆرە نەرمیەک لەگەڵ هەرێمدا پێشان بدرێت تا قەرزی ئەو کۆمپانیانە بدرێتەوە، لەو بوارەشدا ئەو پارەیە زیاد بکرێت کە مانگانە وەک پشکی هەرێم رەوانەی هەولێر دەکرێت کە ٣١٧ ملیار دینارەو، ئەوەبوو لە بەر رۆشنایی یاسایی بودجە بڕیار درا مانگانە نزیکەی ٥٢٢ ملیار دینار بدرێت بەهەرێم. ئەو پارەیەش دەدرێت ئەگەر هەرێم پابەندیش نەبێت بە ناردنی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لە رێگای کۆمپانیای سۆمۆوە.

بەپێی زانیاریەکانی سپی ساڵی ٢٠١٩ دوا مۆڵەتە دەدرێت بە حکومەتی هەرێم تا تەسفیەی حساباتی قەرزی لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکانی نەوتدا بکات، ئەمەش دوا دەرفەت دەبێت بۆ هەرێم حساباتی نەوتی یەکلایی بکاتەوەو، بەپێی ئەو زانیاریانە بۆ ساڵی داهاتوو حکومەتی عێڕاق ئەم جۆرە مامەڵەیە لە هەرێم قبووڵ ناکات.

هەر لەو بارەدا سپی زانیوویەتی لە دوا کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم 27 کانوونی دووەم کە تایبەت بوو بە هەڵسەنگاندنی یاسای بودجەی ٢٠١٩ ی عێراق، ئاراستەی کۆبوونەوەکە بەو شێوەیە بووە کە نەوت رادەستی بەغدا نەکرێت و حکومەتی هەرێم خۆی نەوت بفرۆشێت.
 

 
  
  

PM:08:24:01/02/2019