سەرۆك وەزیرانی عێراق: پشتیوانی لە سزاكانی سەر ئێران ناكەین

سەرۆك وەزیرانی عێراق دڵنیایی دەداتە ئێران و دووپاتیدەكاتەوە، وڵاتەكەی پشتیوانی لە سزاكانی سەر ئێران ناكات، كە لەلایەن ویلاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاوە بەسەریدا سەپاوە.
 
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 6ی شوباتی 2019 عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ عەبدولناسر هیمەتی، پارێزگاری بانكی ناوەندی ئێران و شاندی یاوەری كۆبووەوە.

عادل عەبدولمەهدی لە كۆبوونەوەكەدا ئاماژەی بەوەكردوە، گەلی عێراق بەدەست گەمارۆدان ناڵاندوێتی و هەست بەوەدەكات گەلان بەهۆیەوە چەندە زیانیان پێدەگات. هاوكات گوتیشی عێراق بەشێك نابێت لە سیستەمی سزاكانی دژ بە ئێران و هەر گەلێكی دیكە. 

هەروەها جەختی لەوەكردەوە، عێراق شكستی بە داعش هێناوە "بەهۆی قارەمانییەتی رۆڵەكانی و خوێنی زۆربەی شەهید و بریندار و قوربانییەكان و پشتیوانی دۆستەكانمان لە سەرووی  هەموویانەوە كۆماری ئیسلامی ئێران". 

لای خۆیەوە پارێزگاری بانكی ناوەندی ئێران، هیوای خواستووە هاوكاری نێوان هەردوو وڵات بەتایبەتی لە بواری بانكی زیاتر بێت.



PM:02:51:06/02/2019