بەغدا...دەستگیرکردنی بەرپرسێکی باڵا ڕاگەیەندرا

ئەمشەو هێزیێكی ئەمنی لە بەغدا ئەوس خەفاجی ئەمینداری گروپی "ئەبوفەزڵ عەباس"ی حەشدی شەعبیان لە ناو ماڵەكەی خۆیدا دەستگیر كرد.

میدیا عێراقییەكان بڵاویانكردەوە كە ئەمشەو هێزێكی ئەمنی كە گومان دەكرێت سەر بە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەكانی بەغدا بن، هەڵیانكوتایە سەر ماڵی ئەوس خەفاجی ئەمینداری گروپی "ئەبوفەزڵ عەباس" كە یەكێكە لە گروپەكانی سەر بە حەشدی شەعبی.

هاوکات ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتییەکەی حەشدی شەعبی، لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕوونی کردوەتەوە، کە "کۆمەڵێک چەکداری حەشدی شەعبی شەوی پێنجشەممە لەسەر ھەینی چوار بارەگای ساختەی  حەشدی شەعبی لە کەڕادە داخست".

ئەوەش خراوەتەڕوو، کە ئەو ڕێکارە دوای کۆبوونەوەیەکی ئەمنی  لەگەڵ شارەوانی کەڕادە و ھێزە ئەمنییە ڕەسمییەکان ھاتووە بۆ داخستنی ئەو بارەگایانەی بەناوی حەشدی شەعبییەوە کراونەتەوە.

وەک لە ڕاگەیاندراوەکەدا ھاتووە "لەنێو ئەو شوێنانە، دوو بارەگا خۆیان بەوە ناساندووە کە سەر بە لیوای ٤٠ی حەشدی شەعبین و یەکێکی دیکەش سەر بە لیوای ٤٧ و بارەگایەکیش سەر بە لیوای ئەبو فەزڵ عەباسە و شێخ ئەوس خەفاجی سەرپەرشتی دەکات".

لەو کاتەدا ھێزێکی ئەمنی ویستوویەتی بارەگاکە دابخات، بەڵام ئەو چەکدارانەی لەوێ بون ڕێگرییان کردووە، بۆیە ڕێکاری یاساییان بەرانبەر گیراوەتەبەر.

بەپێی زانیارییەکان، دوای ئەو ڕووداوە، فەرمانی گرتن بۆ ئەوس خەفاجی دەرکراوە و لەلایەن ھێزێکی ئەمنییەوە دەستگیر کراوە.

لیوای ئەبوفەزڵ عەباس یەکێکە لە گروپەکانی حەشدی شەعبی و پێشتریش هەڕەشەی کردبوو کە هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی ئەمریکا.

 



PM:01:24:08/02/2019