" رێککەوتنی یەکێتی‌و پارتی بەرەو هەڵوەشانەوە دەچێت "

لێدوانە جیاوازەکانی سەرکردەکانی یەکێتی ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن  ئەو رێککەوتنەی سێ شەممەی رابردوو لەنێوان پارتی و یەکێتی ئەنجامدرا، بەرەو هەڵوەشانەوە دەچێت.

هەرچەندە دوێنی ٩ ی شوبات سەعدی پیرە وتەبێژی یەکێتی دوای کۆبوونەوە مەکتەبی سیاسی حیزبەکەی لە سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا باسی لەوە کرد " وەرەقە  سیاسیەکەی " نێوان پارتی و یەکێتی خەریکە تەواو دەبێت و جەختی لەسەر ئەوەش کردوە کە پەرلەمان ١٨ ی شوبات کۆدەبێتەوەو پارێزگاری نوێ بۆ كەركوك دادەنرێت، بەڵام لێدوانەکانی دوێنی چەند بەرپرسێکی یەکێتی، گوومان دەخاتە سەر ئەو گەشبینیەی وتەکانی سەعدی پیرە.

شەوی رابردوو فەرید ئەسەسەرد ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە کاندیدی یەکێتی بۆ پارێزگاری کەرکوک، رزگار عەلی ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەبێت، هەروەها رێبوار تەهاش پەرلەمانتاری ئەو حیزبە لە کەرکوک لە چاوپێکەوتنێکدا جەختی لەسەر تاقە کاندیدی یەکێتی بۆ ئەو پۆستە کردەوە کە ڕزگار عەلی یە.

بەپێی لێدوانە رۆژنامەوانییەکانی پێشووی پارتی، رزگار عەلی ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەلایەن پارتی یەوە پەسەند نییە، پارتی بە یەکێک لە بەشداربووانی رووداوەکانی ١٦ ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ ناوزەد دەکات کە لەئەنجامدا کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان کەوتنەوە دەست هێزە عێراقییەکان.

سێ شەممەی رابردوو پارتی و یەکێتی رایانگەیاند لەسەر چوار خاڵ رێککەوتوون و رۆژی ١٨ ی شوبات پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوەو سەرۆکایەتیەکی نوێ هەڵدەبژێرێت، هەمان رۆژیش لیستی برایەتی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ قسەکردن لەسەر دۆخی کەرکوک کۆدەبێتەوە. 



PM:12:22:10/02/2019